دوای تێپەربوونی سێ ساڵ بە سەر کارەساتی گوندی “نشکاش” لە مەریوان کە بە هۆی تەقینەوەی مینەوە حەوت منداڵ تووشی برینی کاریی و کەمئەندامی بوون، چالاکانی مافی مرۆڤ باس لە بەردەوامیی کەمتەرخەمیی بەرپرسان لەم بارەوە دەکەن.
رۆژی هەینی ٢٣خەزەڵوەری ساڵی ٩٢ هەتاوی، لە گوندی “نشکاش” سەربە شاری مەریوان پۆلێک منداڵ لە کاتی گەمە کردندا بەهۆی تەقینەوەی مین تووشی خەسار و زیانی جەستەیی دەبن. لەو رووداوە دا ٧ منداڵ بە سەختی بریندار دەبن کە دوو کەس لەو منداڵانە لاق و چاوی خۆیان لە دەست دەدەن.
پارێزەری ئەو منداڵانە و چالاکانی مەدەنیی کورد، باس لەوە دەکەن کە دوای سێ ساڵ بەسەر ئەم رووداوەدا بۆ چاکبوونەوەو چارەسەریی منداڵە بریندارەکان، کارێکی ئەوتۆ نەکراوەو خەمساردیی بەرپرسان لەم بارەوە داهاتووی ئەو منداڵانەی لەگەڵ لێڵی و ناڕوونی بەرەوڕوو کردووە. حسێن ئەحمەدینیاز پارێزەری منداڵانی نشکاش لە پێوەندی لەگەڵ دوایین زانیاری لە بارەی دۆخی جەستەیی بەرکەوتووەکان دا گوتی: “٢٦ی رەزبەری ئەمساڵ ساڵیادی کارەساتی تەقینەوەی مین لە گوندی نشکاش بوو کە ٧منداڵ بوون بە قوربانی و تووشی برینی جەستەیی و دەروونیی هاتن. فەرمانداری ئەوکاتی مەریوان، بێجگە لە چەند کاری سەرەتایی و پێدانی نەختێک قەندو رۆن، ویستی دڵی بنەماڵەکانیان وەدەست بێنێ، ئەوە لە کاتێک دایە هێشتا پڕیشکەی مین لە جەستەی ئەو منداڵانەدا ماوەتەوە.
بڕیار بوو بۆ ئەو دوو منداڵە کە ئەندامی جەستەییان لە دەست داوە، مووچەیەک ببڕێتەوە کە ئەویش راگیراوە تا تەمەنیان دەگاتە ١٨ساڵ و منداڵان لە کوردستان هەمیشە یەکەم قوربانیی تەقینەوەی مینن لە گوندەکانی سەرسنوور.
جێی وەبیر هێنانەوە کە تەنیا لە سێ پارێزگەی سنە و کرماشان و ئیلام پتر لە ٧٠٦٢٥٠ هێکتار خاکی ئەو سێ پارێزگایە بە مین چێندراوە و ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەیکە هەرچەند وەخت جارێک تەقینەوەی منیی چێندراو کارەساتی لێبکەوێتەوە.
جێی ئاماژەیە کە کێڵگە مینڕێژکراوەکانی کوردستان، تەنیا پاشماوەی شەڕی نێوان ئێران و عێراق نیە، بەڵکوو زانیارییەکان باس لەوەدەکەن کە چەند ساڵێکە سپای پاسداران بۆ پێشگیریی کردن لە هاتووچۆی هێزی پێشمەرگەو رێگریی کردن لە هەرچەشنە ئەگەرێک، دەستی داوەتە چاندنی مین لەسەر سنووری رۆژهەڵات و باشووری کوردستان و ئەم کارەی سپاسی پاسداران بۆتە هۆی زیاتر بوونی کێڵگەمینەکانی کوردستان.