دوابەدوای شەڕو ئاڵۆزییەکانی ناوخۆی سووریە، کۆبانی لە ساڵی ٢٠١٢وە یەکێک لەو سێ کانتۆنانەی رۆژئاوای کوردستان بوو کە لە لایهن “یەپەگە” واتە یەکینەکانی پاراستنی گەلەوە خۆبەڕێوەبەری تێدا راگەیەندرابوو. هاوکات بەهۆی هەڵکەوتی جوغرافیایی، کۆنترۆڵکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئەو شارە، بە یەکێک لە ئامانجەکانی داعش له قهڵهم دهدرا. تەواوی ناوچەکانی دەوروبەری کۆبانی زۆر لە پێشترەوە لەژێر کۆنترۆڵی داعشدا بوون. ئەوەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی پاراستن و پارێزگاریکردنی ئەو شارە لە لایان شەرڤانه کوردەکانەوە کارێکی ئاسان نەبێت. لە ١٦ی سێپتامبری ساڵی ٢٠١٤ەوە، داعش هێرشەکانی خۆی بۆ سەر کۆبانی دەست پێ کرد. لە ماوەی ٢٠ رۆژدا لە سێ لاوە ئەو شارهی گەمارۆ دا و دوای یەک حەوتوو شەڕی خوێناوی، توانی دیواری بەرگریی کوردەکان تێک بشکێنێ و لە رۆژهەڵاتی شارەوە دزە بکات و دەست بەسەر زۆربەی هەرە زۆری گەڕەک و شەقام و دامودەزگا ئیدارییەکاندا بگرێت و ئاڵای خۆی تێدا هەڵبدات. شەڕی ماڵ بە ماڵ و سەنگەر بە سەنگەر و کۆڵان بە کۆڵان و ئیرادەی بەرگریی و خۆنەویستی و نیشتمانپەروەریی ژنان و پیاوانی کۆبانی، وای کرد کە سەرەنجی هەموو جیهانیانیان بۆ خۆیان رابکێشن و کۆبانی ببێ بە سەنگەر و ناوەندێکی پڕ تراژیدیای بەگژداچوونەوەی تیرۆر. هاوارێکی ئازادیخوازی و نیشتمانپەروەری و هەڵمەتێکی گشتگیری کوردانە لە هەموو پارچەکانی کوردستان و کۆمەڵگای نیونەتەوەیی بۆ پاراستنی کۆبانی و ئیرادەی کۆبانی دەستی پێ کرد. بە پشتگیریی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان و چوونی هێزێکی پێشمەرگەی تەیار بە چەکی قورس لە باشووری کوردستانەوە بۆ کۆبانی و پشتیوانیکردنیان لە شەرڤانان، پارسەنگی هێز زۆر بە خێرایی گۆڕاو لە ٢٦ی ژانویەی ٢٠١٥ بەرانبەر بە ٦ی رێبەندانی ١٣٩٣، هێزی چەکداری داعش تێکشکا و شاری کۆبانی ئازاد کرا و بوو بە گەورەترین هێمای بهرخۆدان و کۆڵنەدان و هەر لەوێشەوە پاشەکشە و شکستە یەک لە دوای یەکەکانی داعش لە عێراق و سوریەش دەستی پێ کرد. شەڕی کۆبانی دەگەڵ ئەوەیدا کارەساتی گەورەی لێکەوتەوە، کەچی پەیامی خۆی گەیاندۆتە هەموو جهیانیان. ئەم خەبات و خۆڕاگری و کۆڵنەدانە بێهاوتا و کەموێنەیە، ئەوەندە کاریگەری لەسەر دنیای مرۆڤایەتی هەبوو، کە بە سەدان ئازادیخوازی غەیرەکوردی راکێشایە سەنگەرەکانی بەرگری و شانبەشانی شەڕڤان و پێشمەرگە دەجەنگان و خوێنیان دەدا. ژنانی چەک لەشانی کۆبانی، سیمایەکی دیکە و هێز و توانایەکی دیکەی ژنبوونی خۆیان بەرجەستە کرد و مانایەکی دیکەیان بە رەگەز بەخشی و بوون بە وێردی زمانی عالەمیان. شەڕی کۆبانی توانی گیانێکی نەتەوەیی و کۆدەنگییەکی نیشتمانی لە ناو کوردداندا پێک بێنێ و روحی نەتەوەیی پڕهەستتر و بەرجەستەتر بکات و هەموو کورد بە بێ لەبەرچاوگرتنی سنووری دەستکرد، خۆی لە کۆبانیدا ببینێتەوه. کۆبانی بوو بە ئەڵقەیەکی پەیوەندیی نوێی نێوان هەموو هێزە و لایەنە رزگاریخوازەکانی کوردستان و بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازیی بۆچوون و بیروڕا، هەمووی لە سەنگەرێکدا لە دەوری یەک کۆ کردنەوە. شەڕی کۆبانی سەلمێنەری ئەو راستییەیه کە هەر کات هێزی جەماوەری ئازادیخواز ئیرادە بکات و لە ریزێکی یەکگرتووی شۆڕشگێڕانەدا خۆی رێک بخات و یەک بگرێتەوە، دەتوانن نەک هەر دڕندەترین و پڕچەکترین هێز بەچۆکدا بێنن، بەڵکوو داهاتوویەکی پڕشنگداریش بۆ کۆمەڵگا دابین بکەن. ئێستا ئیدی کۆبانی ناوێکە بە تەوێڵی مێژووەوە. ئێستا ئیدی کۆبانی ناوێکی جیهانی و شارێکە لە بهرگری و ئەندامی رێکخراوی شارەوانییەکانی جیهانە.