جان کێری کە رۆژی دووشەمە ١٠ی خەزەڵوەر لە رێوڕەسمی خەڵاتی ” چەتم هاوس”ی ٢٠١٦ لەندەن بەشداری کردبوو لە کونفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا وێڕای ئاماژە بەوەی کە ئەگەری لابردنی هەموو ئابڵۆقەکانی سەر ئێران کەمە گوتی: هۆکارەکەی پشتیوانی کردنی ئێرانە لە تێروریسم و پێبەندنەبوونی ئەم وڵاتەیە بە کونوانسیۆنەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە سەر ئابلۆقەی چەکوچۆڵ.
دوای هاتنە ئارای “برجام”، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی چاویان بڕیبوە لابردنی گەمارۆەکان، ئەگەرچی بڕێ لەو ئابلۆقانە لابران، ئەوە لە حاڵێکدایە کە دەوڵەتی ئوباما لە بەر نەگۆڕانی رەفتاری سیاسیی ریژیمی ئێران بە توندترین شێوە رەخنەی لێی گیراوە. هەر لەم پێوەندیەدا وەزیری دەرەوەی ئامریکا گوتی رێژیمی ئێران هێشتا پەروەندەی پێشێڵکردنی مافەکانی مرۆڤی هەیەو، کۆنگرەی ئامریکا ئامادەیە بۆ دووبارە کردنەوەی یاسای ئابلۆقەکانی ساڵی ١٩٩٦ لە سەر ئێران. بە وتەی سەرچاوگەلێک لە کۆشکی سپی، باراک ئوباماش نایهەوێ پێش بەو گەمارۆیانە بگرێ. سێناتۆرە دیمۆکراتەکانی ئامریکا لە سەرەتای مانگی ئوکتۆبری ئەمساڵدا لە نامەیەک کە بۆ ” میچ مەک کانێل” رێبەری زۆرینەی ” سەنای نووسیبوو: دووبارە کردنەوەی ئابلۆقەکانی ساڵی ١٩٩٦ی سەر ئێران زەروورە و کەرەستەی سەرەکییە بۆ بەرگرتن و پاشەکشێ کردن بە کەس یان ئەو ئەو کۆمپانیایانە کە پشتیوانی لە چەکوچۆڵە کۆمەڵکوژییەکانی رژیمی ئێران دەکەن.
هەروەها باڵوێزی وڵاتانی یەمەن و ئیمارات داوایان لە ئەمریکا کردوە کە هەڵسوکەوتی لە گەڵ ئێران توندتر بکات لەم پێوەندیەشدا چەند رۆژ لەمەوپێش یووسف عەتبییە باڵوێزی وڵاتی ئیمارات کوتویەتیی: کۆماری ئیسلامی دوای بەرجام لە جیاتی کەمکردنەوەی پیلانەکانی لە هەموو بوارێکەوە هەڵسووکەوتی خراپتر بووە، لەوانە پڕچەککردنی هێزگەڵێکی جۆراوجۆر کە ئێران پشتیوانییان لێی دەکا، دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەو پاڵپشتی کردن لە حیزبوڵای لوبنان و گرووپە تێروریستییەکانی دیکە وتوندوتێژی و هەڕەشە کردن و تاقیکردنەوەی مووشەکی. ناوبرا هەروەها وتبووی کە باسی “حەشدی شەعبی ” و ” سوپای قودس” با بمێنی کە ئێران چۆنیان بە کار دێنێ.