بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لە لێدوانی بەرپرسانی حکوومەتی بڵاوکراوەتەوە بەشێکی زۆر لە خاکی کوردستان بۆتە کێڵگەی مینی چێندراو،کە تەقینەوەیان مەترسیەکی گەورەیە بەسەر خەڵکی شاروگوندەکانی سەر سنوور.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن زیاتر لە ٧٠٦٢٥٠ هێکتار لە خاكی کوردستان مینی تێدا چێندراوەو هەرچەند جارێک بە تەقینی مین خەڵکی گوندەکانی سەرسنوور زیانیان وەبەردەکەوێ.
لەم بارەوە جێگری سیاسی ئەمنییەتی پارێزگای ئیلام “حەسەن کەڵانتری ” لە لێدوانێکدا گوتی: لە ناوچە مینرێژکراوەکانی ئیلام ٥هەزار هێکتار پێویستی بە پاکژ کردنەوەی دووبارە هەیە و، زۆر شوێنی دیکەش وەک خۆی ماوەتەوە.
هەروەها بەهرام فازڵی یەک لە بەرپرسانی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند؛ لە شارەکانی قەسرشیرین ،گێڵانغەرب و سەرپێڵ زەهاو پتر لە ٧٠٠هێکتار شوێن وناوچەی مین رێژکراوی تێدایە کە بە شێوەیەکی ئەوتۆ خاوێن نەکراوەتە و هەموو کات شاهید روودای تەقینەوەی مینین لەو ناوچانە دەبین.
عەلیڕەزا ئاشناگەر جێگری سیاسی ئەمنییەتی پارێزگای سنەش بەئاماژە بەوەی کە هێڵی سنووری شارەکانی مەریوان،بانە،سەوڵاوا وسەقز بەمین چێنراوە وتی: هەموو ئەو ناوچانەی کەئەگەری ئەوەی هەیە مینی تێدابێت یەک هەزارو ٢٥٠هێکتار لەناوچە سنوورییەکانە.
شایانی باسە کە تەنیا لە شاری قەسرەشیرین سەربە پارێزگای کرماشان، لەساڵی ٩١تا ئەمسال زیاتر لە ٣٧کەس بە هۆی تەقینەوەی مین گیانیان لە دەستداوە و هەورەها ٢٣٩کەسیش بریندار بوون.
جێ ئاماژەیە کێڵگە بە مین چێنراوەکانی کوردستان تەنیاوتەنیا پاشماوەی شەڕی ئێران وعێراق نین، بەڵکوو چەند ساڵێکە سەر لە نوێ سپای پاسدارانی کۆمارئیسلامی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان و، لە ترسی جموجۆڵی هێزی پێشمەرگە و بەرگری کردن لە هەرچەشنە ئەگەرێک ، دەستی داوەتە مێنرێژکردنی ئەوناوچانەو بێ هیچ چەشنە نیشانەیەکی وشیار کردنەوە بەجێیاندەهێڵێ. ئەم مین چاندنە لە هێڵی سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵات هەموو جارێک کارەساتی لێدەکەوێتەوە.