٢ كاسبكاری كورد له ناوچه‌ی ڕه‌به‌ت وسه‌رده‌شت به ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆی هێزه ئه‌منیه‌تییه‌كان كوژران.
به‌پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو به كۆمیسیۆنی ڕاگه‌یاندنی حیزبی دێموكراتی كوردستان، ڕۆژی ڕابردوو له ده‌ورووبه‌ری گوندی قه‌له‌ڕه‌شێی شاری سه‌رده‌شت كاسبكارێكی كورد به ناوی عوسمان حوسێنی خه‌ڵكی گوندی مه‌كڵاوەی ناوچه‌ی ڕه‌به‌ت به ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆی هێزه‌كانی ڕێژیم کوژرا.
هه‌روه‌ها ڕۆژی ڕابردووش پاسه‌وانانی سنوور له ناوچه‌ی سه‌رده‌شت ڕاسته‌وخۆ ته‌قه له كۆڵبه‌رێكی كورد به ناوی عوسمان عه‌زیزی، كوڕی كه‌ریم، خه‌ڵكی ئاوایی ده‌رماناوێ ده‌كه‌ن و دەیکوژن.
سه‌رچاوه‌یه‌ك نزیك به بنه‌ماڵه‌ی عوسمان عه‌زیزی كه نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێ کوتی، عوسمان كار‌و پیشه‌ی گه‌چکاری بوو به‌ڵام ناوبراو به هۆی نه‌بوونی كار و تووشبوونی هاوسه‌ره‌كه‌ی به نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه، ناچار ڕووی له كۆڵبه‌ری كردوه تا بتوانێ پاره‌یه‌ك به‌ده‌ست بێنێ و چاره‌سه‌ریی نه‌خۆشیی خێزانه‌كه‌ی بكا. به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌تییه‌كانی كۆماری ئیسلامی له سنووره‌كانی سه‌رده‌شت ته‌قه‌ی لێده‌كرێ و گیانی لێده‌ستێندرێ.
ناوبراو خاوه‌نی ژنێكی نه‌خۆش و دوو منداڵی ١٣ و ١٧ ساڵه‌یه و ڕۆژی رابردوو ته‌رمه‌كه‌یان ڕاده‌ستی بنه‌ماڵه‌كه‌ی كردۆته‌وه.
له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا سێ كه‌سی دیكه‌ش له ناوچه‌ی بێتووشی سه‌رده‌شت به هۆی ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆی هێزه ئینتزامیه‌كان بریندار ده‌بن و كه‌سێكیان به ناوی عه‌لی چكۆل برینه‌كه‌ی قورسه.
كۆڵبه‌رانی كورد له سنووره‌كانی کوردستان بۆ دابینكردنی بژیوی ژیان گیانیان بەردەوام لە مه‌ترسی دایه‌وه و له لایه‌ن هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامییەوە بریندار دەبن یا ده‌كوژرێن. ئەمە لە حاڵێک دایە وتەبێژی هێزە ئینتیزامیەکانی کۆماری ئیسلامی ئیدیعا ده‌كا کە له ئێران و لە سنوورەکانی کوردستان هیچ كۆڵبه‌رێك بە دەستی هێزە ئینتیزامی و ئەمنیەتیەکانی رژیم نه‌كوژراوە.
له لایه‌كی دیكه‌وە ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ له دوایین ڕاپۆرتی خۆیاندا ده‌ڵێن له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه تا ئێستا زیاتر له ٧٠ كۆڵبه‌ر به ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆی هێزه‌كانی ڕێژیم كوژراون و به ده‌یان كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.
جگه له كوژران و برینداركردنی كاسبكاران و كۆڵبه‌رانی كورد له سنووره‌كان ئه‌سپ و ئێستره‌كانیان لێده‌كوژن و باره‌كانیشیان به تاڵان ده‌به‌ن.
پێشتر كۆمه‌ڵێك له نوێنه‌رانی مه‌جلیس سه‌باره‌ت به كوشتنی ئه‌سپ و ئێستری كاسبكاران ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕیبوو به‌ڵام هیچ ئاماژه‌یه‌كیان به كوشتنی كاسبكار و كۆڵبه‌ران نه‌كرد.