ئەنجومەنی ئەدەبی”ئەندیشە”ی خوێندکارانی زانکۆی ئازادی سنە کۆڕێکی یەک رۆژەی بۆ هەڵسەنگاندن و تاوتوێ کردنی شێعری نوێی کوردی لە زانکۆی ئازادی سنە بەڕێوەبرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو رۆژی ٩ی خەزەڵوەر کاتژمێر٤ی دوانیوەڕۆ بەڕێوەبەرانی ئەنجومەنی ئەدەبی ئەندیشە کۆڕێکی بۆ سێ کەس لە رەخنەگران وقەڵەمبەدەستانی کورد بەڕێزان؛ مەسعوود بینەنندە، رەزا عەلیپوور، و کەماڵ ئەمینی پێکهێنا.
لەم کۆڕە ئەدەبیەدا هەرکام لە کۆڕگێڕان لە گۆشە نیگایەکەوە ئەدەبی رۆژهەڵاتیان بەتایبەتی لە بواری شێعری نوێ بە بەراوارد لە گەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان خستەبەرباس ولێکدانەوەیان بۆ کرد.
شایانی باسە لەم کۆڕە یەک رۆژەدا بەشێکی بەرچاو لە خوێندکارانی کچ وکور و ئەدەبدۆستانی چەندین ئەنجومەنی رۆژهەڵاتی لە شارەکانی مەریوان،کامیاران و بانە بەشداربوون.
ئەنجومەنی ئەدەبی ،فەرهەنگی”ئەندیشە” کە لە سەر دەستی کۆمەڵیک خویندکاری چالاک دامەزاراوە جیا لە دەرکردنی وەرزنامەیەک هەر بەوناوە، بڕیارە هەچەند وەخت جارێک بابەتێکی گرینگی فەرهەنگی ئەدەبی بخاتە بەرباس وشرۆڤە کردن و بۆ ئەم مەبەستەش هۆگران وقەڵەمبەدەستانی کوردستان لە دەوری یەک کۆ بکاتەوە.