بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە ناوچەی کرماشان کاتژمێری ٧ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٠ی خەزەڵوەر، خاتوو “سەلما قوبادی” هاوسەری شەهید فەتاح فەتاحی کادری دەرمانی حدک، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی کرماشان کۆچیدوایی کرد.
خاتوو سەلما کچی میرزا ئەحمەدی زەردوویی، هاوسەری یەکێک لە پێشمەرگە بەوەجەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ناوچەی هەورامان بوو. ئەو خاتوونە بەڕیزە، ژنێکی دڵسۆز بۆ جووڵانەوەی نەتەوەکەمان و پشتیوانێکی بە ورە بۆ شەهید فەتاح بوو. پاش شەهید بوونی هاوسەرەکەی و کارەساتی هەڵەبجە خاتوو سەلما بە ناچار گەڕایەوە نێوخۆی وڵات و ، لە زێدی خۆی گوندی” ڕوان” نیشتەجێ بوو. پاش چوونەوەشی و تا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی حیزبی دیموکراتی و خوێنی هاوسەرە شەهیدەکەی وەفادارمایەوە.
پێویست بە ئاماژەیە کە شەهید فەتاح فەتاحی هاوسەری خاتوو سەلما، کادری دەرمانی و پێشمەرگەی لێهاتووی هێزی شاهۆ، ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی لە شەڕێکی قارەمانانەدا لە ناوچەی دشەی نزیک شاری پاوە، بە پیلانی خۆفرۆشێک کەوتنە بۆەسەی هێزەکانی ڕژیم و، هاوڕێ لەگەڵ ٦ پێشمەرگەی دیکەدا شەهید کران و تەرمەکانیان کەوتە دەستی دوژمن و لە شوێنێکی نادیار ئەسپەردە کران.
جێگە باسە کە برایەکی شەهید فەتاح بە ناوی حەسەن فەتاحی، بە برینداری کەوتە دەستی بەکرێگیراوانی رێژیم و دوای ماوەیەک ئازار و ئەشکەنجە و خۆڕاگرییەکی قارەمانانە لە بەرامبەر جەلادەکانی ڕژیم لە بەندیخانەی کرماشان لە سێدارە درا. هەروەها ئامۆزایەکی شەهید فەتاحیش بەناوی عەزیز فەتاحی لە شەڕ لەگەڵ دوژمنی داگیرکەر دا شەهید بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە هۆی کۆچیدوایی خاتوو سەلما قوبادییەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە بنەماڵە و سەرجەم کەسوکاری دەکات و خۆیان لە خەمیاندا بە شەریک و بەشدار دەزانن.