هێزه ئه‌منیه‌تییه‌كانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران له پێوه‌ندییه‌كی ته‌لفوونیدا هه‌ڕه‌شه‌یان له بنه‌ماڵه‌ی زێنه‌ب جه‌لالیان كرد و ڕایانگه‌یاند كه كچه‌كه‌تان نه‌خۆشه و بۆ نه‌خۆشخانه‌شی نانێرین.
به‌پێی ڕاپۆرتی ناوه‌ندی دێموكراسی و مافی مرۆڤ له كوردستان، پاش ڕاگه‌یاندنی به‌یاننامه‌ی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له هه‌مبه‌ر چاره‌سه‌ریی نه‌خۆشیی زێنه‌ب جه‌لالیان، كاربه‌ده‌ستانی پێوه‌ندیدار له ڕێگه‌ی ته‌له‌فوونه‌وه هه‌ڕه‌شه‌یان له بنه‌ماڵه‌كه‌ی كردووە و پێیان ڕاگه‌یاندوون كه نابێ هیچ زانیارییه‌ك سه‌باره‌ت به بارودۆخی كچه‌كه‌یان بڵاوبكرێته‌وه.
ڕێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی ڕایگه‌یاندبوو، زێنه‌ب جه‌لالیان، به‌ندكراوی مه‌حكووم به زیندانی هه‌تاهه‌تایه و به هۆی توشبوون به نه‌خۆشیی چاو مه‌ترسیی كوێربوونی له‌سه‌ره و ئه‌مه له حاڵێكدایه كه كاربه‌ده‌ستانی قه‌زایی ئێران ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ سه‌باره‌ت به ناردنی بۆ نه‌خۆشخانه و ناوه‌نده ده‌رمانییه‌كان دژایه‌تی ده‌كه‌ن.
به‌پێی ئه‌م ڕاپۆرته زێنه‌ب جه‌لالیان له زیندانی شاری خۆی، به‌ده‌سپێكی وەرزی سه‌رما چاوی زیاتری ناڕه‌حه‌ت ده‌كا و تا ئێستا هیچ چاره‌سه‌رییه‌كی پزیشكیی بۆ نه‌كراوه و بنکەی تەندروستی زیندانیش پێی گوتووە ده‌بێ زۆر ئاگات له چاوت بێ، به هۆی سه‌رماوه له‌وانه‌یه ڕه‌شكێنه‌ی چاوت چڵك بكا و مه‌ترسیی كوێربوونت له‌سه‌ره.
ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه كورده له زیندانی دیزل‌ئابادی كرماشان بۆ زیندانی خۆی گواستراوه‌ته‌وه و له مافی ناردنی بۆ نه‌خۆشخانه و چاوپێكه‌وتن به بنه‌ماڵه‌كه‌ی بێبه‌شكراوه و له لایه‌كی دیكەوە بنه‌ماڵه‌كه‌ی پێیان ڕاگه‌یاندوون كه ئێمه ئاماده‌ین بارمته دانێن و تا چاره‌سه‌ریی پزیشكی ده‌كرێ و پاشان ده‌یگه‌ڕێنینه‌وه زیندان، به‌ڵام له‌لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی پێوه‌ندیدار هیچ وه‌ڵامێكیان نه‌دراوه‌ته‌وه.
ئه‌م چالاكه سیاسییه كورده له مانگی ڕه‌شه‌ممه‌ی ساڵی ٨٦ له شاری كرماشان به تۆمه‌تی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ خودا له ڕێگه‌ی ئه‌ندامبوونی یه‌كێك له حیزبه به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێران سه‌ره‌تای له‌لایه‌ن دادگای شۆڕش حوكمی ئێعدامی به‌سه‌ردا سه‌پا و پاشان پێداچوونه‌وه بە حوکمەکەی‌دا کرا و بۆ زیندانی هه‌تاهه‌تایه كه‌م كرایه‌وه.