لە پەراوێزخستنی پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، پیلانێکی سیستماتیک و کاربۆکراوی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو کە تا ئیستایش هەروا کاری لەسەر دەکرێ.
خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بیری “نەتەوەیی”یان لە کۆمارە مەزنەکەی کوردستانەوە بە پێشوایەتی قازی محەممەدی نەمر و، حیزبە خۆشەویستەکەیان، حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ ماوتەوە، هەمیشە خەمی نیشتمانە دابەشکراوەکەیان لە کۆڵ ناوە. سەرەڕای خەباتێکی خوێناوی بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە سەرکەوتنەکانی کورد لە بەشەکانی دیکە خۆشحاڵ بوون و هەڵپەڕیون و، لە کارەسات و خەمەکانیشدا هاوخەم و پشتیوانی خوشک و براکانی خۆیان لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بوون.
گومان لەوەدا نیە کە رێژیمی دژ بە کوردی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بەردەوام هەوڵی حاشاکردن لە بوونی پرسی کوردی لە ئێران داوە، هەر جارە و بە جۆرێک لە جۆرەکان هەوڵی داوە ئەم “سەرنجە”ی کوردەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ لای پارچەکانی دیکە مودیرییەت بکات و، سیاسەتی “لە پەراوێزخستنی پرسی کورد لە رۆژهەڵات” پەیڕەو بکات.
هەڵبەت کەم نەبوون ئەو هێز و لایەنە کوردییانەیش_لە بەشەکانی دیکەی کوردستان_کە بەداخەوە لەم خەمخۆری و هەستە نەتەوایەتییانەی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان، “به قازانجی خۆیان ”کهڵک وهرگرتوه و، بە جێی لێک نزیکبوونهوه“هەمگەرایی”، هەوڵی سیاسەتی تهکینهوه و دوورخستنهوهیان “واگەراییان” رەچاو کردوه..
بۆیە لە ئاکامی خوێندنەوەیەکی واقعبینانە و لە هەمانکات “تاڵ”دا، حیزبی دێموکراتی کوردستان ئیدەی “رۆژههڵاتمێحوهری” هێنایە ئاراوە کە زۆری نەخایاند کە له لایەن رێبەریی حیزبەوە وەک “پرۆژە” پلانمەند کرا..
بە زمانێکی زۆر سادە، “رۆژههڵاتمێحوهری” هەمان راکێشانی سەرنج و توانا و پتانسێلی خۆدی خەڵکی رۆژهەڵات بوو بۆ خودی پرسەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان. “رۆژههڵاتمێحوهری” هەوڵێک بوو بۆ دەرهێنانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بێتەفاوەتی و کەمتەرخەمی بەرانبەر بە سیاسەتە شووم و بنەبڕەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران. “رۆژههڵاتمێحوهری” هەوڵێک بوو بۆ دیتنی تەنانەت دەرفەتە چووکەکان و هاندانی خەڵک بۆ کەڵک وەرگرتن لەو دەرفەتە چووکانیش بە قازانجی هێنانەگۆڕی ویست و داخوازییەکانی خۆیان و، بە گشتی “رۆژههڵاتمێحوهری” بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی لە پەرواێزخستنی پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە لە لایەن رێژیمی ئێرانەوە پەیڕەو دەکرا.
حوزووری پێشمەرگانەی کادر و پێشمەرگەکانی حیزب لە نێو خەڵکی خۆیان و هاندانی چالاکانی نێوخۆی وڵات بۆ کەڵک وەرگرتن کە دەرفەتەکان و یەکگرتوویی کۆمەڵانی خەڵکی کورستان و هەوڵدانیان بۆ خستنهرووی ویست و داخوازییەکانیان، نێوەرۆک و چاشنیی ئەم گوتارە نوێیە بوون.
بانگەواز بۆ بەربەرەکانی دژ بە “بێتەفاوەت” بوون و هەوڵدان بۆ “کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتەکان” و لە هەمووی گرینگتر بەهێند وەرگرتنی خەباتی مەدەنی و رێزگرتن لە جموجۆڵ و تێکۆشانی چالاکانی نێوخۆی وڵات، بەشێک لە گوتاری رێکار و لە هەمانکاتدا گوتاری “رۆژهەڵاتتەوەری” بوون کە تا ئێستایش هەر درێژەی هەیە..
به خۆشییەوە زۆری نەخایەند کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بەتایبەت هەڵسووڕاوان و چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکان، هەر لە بەڕێوەبردنی رێورەسمە نەورۆزییەکان و هەوڵدانیان بۆ پاراستنی ژینگەی نیشتمان بە ناوی رێکخراوەکانی ژینگەپارێزی و هەروەها بەڕێوەبردنی دەیان خولی فێرکاریی زمانی کوردی و هتد، بە گەڕانەوە بۆ پرسەکانی خۆیان بوون بە بەشێکی بەرچاو لە بەڕێوەبەرانی پرۆژەی رۆژههڵاتمێحوهری.
شان بە شانی چالاکانی نێوخۆی وڵات کە بەردەوام لە زمان سکرتێری گشتیی حیزب، کاک خالید عەزیزی و دەزگاکانی راگەیاندنی حیزبەوە رێز لە هەوڵ و تێکۆشانەکانیان دەگیرا، پێشمەرگە گیان لەسەردەست و بە بیروباوەڕەکانی دێموکرات لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە حزووی ئازایانەیان لە شار و ناوچەکانی کوردستان پەیامی هەستانەوەیان بە گوێی خەڵکدا دا کە بە دەیان کەسیان، لەم پێناوەدا گیانیان فیدای خاک و خەڵکی خۆیان کرد.
رووداوەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و چالاکبوونەوەی ریزەکانی خەڵک و بەتایبەت چالاکانی مەدەنی لە بوارە جیاجیاکاندا سەلماندیان لە هێنانەگۆڕێ پرۆژەی “رۆژههڵاتمێحوهری” لەسەر بنەمای خوێندنەوەیەکی دروست و واقعی چەند لە جێی خۆێدا بوو..
ئەگەر تەنیا وەک نموونە باس لە دوو رووداو لە دوو شاری مەریوان و بانە بکەین، دەبینین کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانن لەسەر هیممەت و ئیرادەی خۆیان زۆر کاری گەورە و بەنرخ ئەنجام بدەن.
خولی فێرکاریی زمانی کوردی کە لە لایەن ناوەندێکی فەرهەنگییەوە لە شاری بانە بەڕێوەچوو توانی تەنیا لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا بە هەزاران کەس لە خوازیارانی فێربوونی زمانی کوردی، فێری خوێندنەوە و نووسینی زمانی دایکیی خۆیان بکات. ئەم هەوڵەی کۆمەڵە کەسێکی دڵسۆز و دەروەستی بواری فەرهەنگی دەریخست کە هەروەک لە پەیامی “رۆژههڵاتمێحوهری”دا هاتووە دەکرێ “بێتەفاوەت” نەبین و لە “دەرفەتەکان” کەڵکی پێویست وەربگرین.
لە نموونەکەی شاری مەریواندا کە بەسەدان کەس لە ژنان و پیاوانی به هەڵوێستی ئەمشارە بە نیشانەی ناڕەزایەتی نواندن بە نیسبەت خراپی رێگەوبان رژانە سەر شەقامەکان، دەکرێ بە ئاشکرا پەیامەکانی “رۆژههڵاتمێحوهری” بینین. دیتمان کە خەڵکی ئەم شارە چیدیکە “بێتەفاوەت” نەبوون و لە “دەرفەت”ێکدا بە شێوازێکی تەواو مەدەنیانە “ویستوداخوازی” خۆیان هێنایە گۆڕێ و پەیامی خۆیان بە کاربەدەستانی رێژیم گەیاند.
دەنگهەڵبڕین، بێتەفاوەت نەبوون، ناسینی دەرفەتەکان و کەڵک لێوەرگرتنیان و لە کۆتاییدا، هێنانهگۆڕی ویست و داخوازییەکان ئەم رۆژانە تەنیا بە روخساری شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دیار نیە! بەڵکوو ئەم “وهخۆ هاتنهوهیه”یە تەنانەت رووی لە گوندەکانیش کردوە کە دەکرێ وەک نموونە ئاماژە بە دەربڕینی نارەزایەتیی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری کامیاران بکەین کە چەندە یەکگرتووانە دژ بە بڵاوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و دژ بە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی رێژیم لەم پێوەندییەدا هەڵوێستیان گرت.
هەر بۆیە ئەمڕۆ رۆژهەڵاتی کوردستان چیدیکە ئەو پارچە پەراوێزخراوە نیە کە دوژمنان و نەیارانی حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی مافخوازی رۆژهەڵاتی کوردستان بتوانن حاشا لە پرسیك بە ناوی “بزووتنەوەی میللی دێموکراتیکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە رێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات” بکەن.