ڕێكخراوی سینه‌مای ئێران بۆ دووهه‌مین جار سینه‌ماكارانی ئێرانی وریاكرده‌وه كه ته‌بلیغات بۆ به‌رهه‌مه‌كانی خۆیان له ماهواره نه‌ته‌نیا قه‌ده‌غه‌یه، به‌ڵكوو سزاشی هه‌یه.
هه‌واڵده‌ریی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دووهه‌مین جار به ڕه‌سمی ڕایگه‌یاند كه ته‌بلیغات بۆ فیلمه نێوخۆییه‌كان له ماهواره سزای هه‌یه.
به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوی ڕێكخراوی سینه‌مای ئێران ئه‌و كه‌سانه‌ی كه پێشێلكاریی یاساكان ده‌كه‌ن، به‌پێی قانوون هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێ.
له ده‌قی ئه‌و ڕاگه‌یه‌ندراوه‌دا هاتووه كه ئه‌گه‌ر تیزێری هه‌ر فیلمێك له كه‌ناڵه‌كانی ماهواره بڵاوبێته‌وه، ئه‌و فیلمه له هیچكام له سینه‌ماكانی ئێران مافی بڵاوكردنه‌وه‌ی نابێ و له هه‌ر قۆناخێكیش دابێ ڕاده‌گیرێ.
حوسێن نوش‌ئابادی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی ئیسلامی، ساڵی ڕابردوو ڕایگه‌یاندكه قانوونی ئه‌م وه‌زاره‌تخانه‌یه هه‌رچه‌شنه هاوكارییه‌ك له‌گه‌ڵ كاناڵه‌كانی ماهواره به لادان ده‌زانێ و ئه‌و كه‌سانه‌ی كه پابه‌ند نین، به‌پێی قانوون سزا ده‌درێن.
پێشتر ده‌نگ و ڕه‌نگی كۆماری ئیسلامیی ئێران له ناوه‌نده‌كانی قه‌زایی شكایه‌تی له ده‌رهێنه‌رانی سێ فیلمی “پنجاه كیلو آلبالو”، “ابد و یک روز” و “كوچه‌ی بی‌نام” كردبوو كه له لایه‌ن تلویزیوتی “جێم” ته‌بلیغی بۆ كرابوو.
له قانوونی سزاكانی ئێران هیچ مادده‌یه‌كی قانوونی نییه كه باس له قه‌ده‌غه‌كرانی ته‌بلیغاتی بازرگانی له كاناڵه‌كانی ماهواری نێوخۆی و ده‌ره‌وه‌ی وڵات بكا.