ئێران لەوەتا شەڕی دژی داعش لە بەرەی مووسڵ کەوتۆتە قۆناغی به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی جیددی و، بەتایبەت له‌و کاته‌وه گورزی زەبروەشێنی پێشمەرگەی دیوه؛ نائومیدی دایگرتووه و زوو زوو لێرە لەوێ و بە شێوەیەکی فێڵبازانە خەریکه ئەو نائومێدییە دەردەبڕێ.
رەحیم سەفەوی، فەرماندەی پێشووی سپای پاسداران و راوێژکاری ئێستای خامنەیی یه‌ک له‌و کاربهدهستانهیه که لە دوو لێدوانی جیا جیادا نیگەرانیی خۆی بۆ ئەو رووداو و پیشهاتانە دەربڕی کە لە دوای نەمانی داعش بەتایبەتی لە مووسڵ و عێراقدا لە ناوچەکە دێنەگۆڕێ.
ئەو لە یەکەم لێدوانی‌دا باسی له مه‌ترسیه‌کانی دابەشبوونی عێراق و سووریه ویەمەن کرد بێ ئەوەی خۆی له‌و ڕاستییه بدا که ئاخۆ پێکه‌وه مانه‌وه یان جیابوونه‌وه‌ی پێکهاته‌کانی ئه‌و وڵاتانه ده‌بێ له سه‌ر بنه‌مای خواست و به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌وان بێ یان وڵاتێکی وه‌ک کۆماری ئیسلامی که جیا له نانه‌وه‌ی شه‌ڕ و ئاژاوه و دووبه‌ره‌کیی خوێناوی هیچی دیکه‌ی بۆ ئه‌وان نه‌بوه.
رەحیم سەفەوی لە لێدوانێکی دیکه‌دا بەنیگەرانییەوە باس له‌وه دەکا کە ئەگەر داعش لە عێراق شکست بخوا ئەوا ڕوو لە سووریه دەکا و ڕێژیمی سووریه وه‌ک هاوپەیمانی سەرەکیی ئیران لە ناوچەکە لەمەترسی دەکەوێ.
ئەو لێدوانە بە ئاشکرا پێناخۆشبوونی رەحیمی سەفەوی، ڕاوێژکاری خامنەیی و بەرپرسی پێشووی سپای پاسدارانی ئێران لە شکستی داعش لە عێراق نیشان دەدا و لێرەدا دووبارە دەکرێ ئەو قسانە وەک فاکت و دەلیل بخرێنە پاڵ ئەو دەیان قسە و باسە ئاشکرا و نهێنییەی کە دەرهەق بە ئێران سەبارەت بە به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی له بوون و مانه‌وه‌ی داعشدا لێرەو لەوێ دەکوترێ.
دیاره پیشتریش بەرپرسانی باڵای ئێرانی باسیان له‌وه کردبوو که ناوه‌نده ئه‌منیه‌تی و نیزامییه‌کانی ئێران توانای دروستکردنی گەلێ دەستە و گرووپیان هەیە له وڵاتانی دیکه‌دا بۆ ئەوەی بەگژ نەیارانی خۆیانی دا بکەن. بەڵام دوای ئه‌م ڕووداوانه ئیتر وردە وردە سەرو بنی مەسەلەی داعش‌یش خه‌ریکه ئاشکراتر دەبێ که کێ ئه‌و گڕووپهی سازی کرد و کێ بەگژ کوردی داکرد و کێ قازانجی لێکرد و کێی دیکەش بە دژی کورد کەڵکی خۆی لێوەرگرت.
به له‌به‌رچاوگرتنی ڕه‌وتی ئه‌م ڕووداوانه ده‌رده‌که‌وێ که ترسی فەرماندە سەربازی و بەرپرسە سیاسییەکانی ئێرانی لەدوای نەمانی داعش، وەگەڕ و وه گوڕوتین کەوتنی ویستی سەربەخۆییخوازی له باشووری کوردستانە، بۆیە ئێستا رەحیمی سەفەوی بە ئاشکرا نیگەرانی و پێناخۆشبوونی خۆی لە شکستی داعش بە زمانی تایبەتیی خۆی دەر دەبرێ.
ئه‌و پێی وایه له نه‌بوونی داعشدا کورد به‌و حه‌ماسه و مێژووه پڕ سه‌روه‌رییه‌ی له شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعشدا تۆماری کردوه، بێگومان به‌و ده‌سکه‌وتانه له هێنانه ئارای ویست و داخوازه سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی شێلگیرتر ده‌بێ، ئه‌وه‌ش مۆته‌که‌یه‌که که کۆماری ئیسلامی زراوی لێ چووه.