هه‌واڵده‌ریی ڕۆیتێرز له ڕاپۆرتێكی تایبه‌تیی خۆیدا ڕایگه‌یاند كه ڕێبه‌رانی كۆماریخوازی مه‌جلیسی نوێنه‌رانی ئا‌مریكا قه‌راره كۆتایی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ئه‌مساڵ یاسایه‌ک به مه‌به‌ستی درێژكردنه‌وه‌ی گه‌مارۆكانی سه‌ر ئێران بۆ ماوه‌ی ١٠ ساڵ بخه‌نه پرۆسه‌ی ده‌نگدان.
قانوونی درێژكردنه‌وه‌ی گه‌مارۆكانی سه‌ر ئێران بۆ ماوه‌ی ١٠ ساڵ ڕۆژی٣١ی دیسامبر به‌سه‌ر ده‌چێ و یه‌كێك له كاره ناتهواوهكانی ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی ئا‌مریكا پاش گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ واشنگتۆن له ڕۆژی ٢٤ی خه‌زه‌ڵوه‌ر و هه‌روه‌ها پاش هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی ئا‌مریكا، ده‌نگدان به‌م قانوونه ده‌بێ.
هاوكارانی كۆنگره گوتوویانه ئه‌م قانوونه به بێ ده‌سكاری له لایه‌ن مه‌جلیسی نوێنه‌رانه‌وه په‌سند ده‌كرێ به‌ڵام چاره‌نووسی له سه‌نای ئا‌مریكا هێشتا ناڕوونه.
قانوونی گه‌مارۆكانی ئێران ناسراو به “ئای، ئێس، ئی” بۆ یه‌كه‌م جار ساڵی ١٩٩٦ بۆ سزادانی سه‌رمایه‌گوزاری له كه‌رتی پیشه‌سازیی وزه‌ی ئێران و به مه‌به‌ستی ڕێگریكردن له ئێران له به‌رده‌وامی به‌رنامه‌ی ناوكیی ئه‌م وڵاته جێبه‌جێ كرا.
به‌ڵام باراك ئۆباما، سه‌ركۆماری ئا‌مریكا و هه‌موو زلهێزه‌كانی دیكه‌ی جیهان، مانگی پووشپه‌ڕی ساڵی ڕابردوو ڕێكه‌وتنێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌یان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئیمزا كرده و زۆربه‌ی چالاكییه ئه‌تۆمیه‌كانی ئه‌م وڵاته‌یان كه‌م كرده‌وه و هه‌روه‌ها گه‌مارۆ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی دژی ئه‌م وڵاته‌ش هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه.
كۆشكی سپی هه‌موو جارێ كۆنگره‌ی وڵاته‌كه‌ی ئاگادار ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێ ئێمه دژی هه‌ر چه‌شنه گهمارۆیهكین كه ڕێكه‌وتن ناوكیی خه‌وشدار بكا. به‌ڵام كۆماریخوازه‌كان و زۆربه‌ی دێموكراتهكانیش دژی ئه‌م ڕێكه‌وتنه بوون و پێیان خۆش نییه ئه‌م گه‌مارۆیان له‌سه‌ر ئێران لابچێ.
ئاماده‌كارانی ئه‌م قانوونه ده‌ڵێن، درێژكردنه‌وه‌ی قانوونی گه‌مارۆكانی ئێران ناسراو به “ئای ئێس ئی” ڕێكه‌وتنی ناوكیی ئێران و جیهان پێشێل ناكا.
ده‌وڵه‌تی ئۆباما داوای له كۆنگره‌ی وڵاته‌كه‌ی كردوه كه درێژكردنه‌وه‌ی ئه‌م قانوونه دوا بخرێ و ده‌ڵێ ئه‌وه‌نده‌مان توانا هه‌یه كه ئه‌گه‌ر ئێران پێشێلكاری بكا گه‌مارۆكان وه‌ك خۆی لێبكه‌ینه‌وه.