له‌دوا ڕاپۆڕتی “ڕێكخراوی پێشگیری لە چه‌كه كیمیاوییه‌كان”، وته‌بێژی شووڕای ئه‌منییه‌تی نیشتمانیی ئه‌مریكا، داوای له ڕووسیا و ڕژیمی ئێران كرد، کۆتایی بە پشتیوانیی له ده‌مێشق بێنن.
“تێد پڕایس“ وته‌بێژی شووڕای ئه‌منییه‌تی نیشتمانیی ئه‌مریكا، له بڵاوكراوه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند، ئێمه زۆر به‌توندی، خەمساری و گوێنه‌دانی ڕژیمی سووریا به به‌ڵێنه‌كانی سه‌باره‌ت به ڕێككه‌وتننامه‌ی ئه‌و وڵاته له‌سه‌ر “به‌كارنه‌هێنانی چه‌كه كیمیاوییه‌كان”، ئیدانه ده‌كه‌ین.
له‌و ڕاگه‌یاندراوه‌دا هاتووه، ئێمه له ته‌واوی وڵاتانی ئه‌ندام له ڕێكخراوه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان، و ئه‌ندامانی كۆنوانسیۆنی به‌كارنه‌هێنانی چه‌كه كیمیاوییه‌كان، وه‌كوو وڵاتانی ئێران و ڕووسیا كه پشتیوانی له به‌شار ئه‌سه‌د دەکەن، داواكارین كه به‌زوویی پاڵپشتیی هه‌وڵه‌كانمان بن و به‌ڵێنی هاوبه‌شمان به ڕێكخراوه‌كانی دژی به‌كار هێنانی چه‌كه كیمیایهكان، به‌هێزتر بكه‌ن.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شیان خسته ڕوو كه به پێی ڕاپۆڕتی ڕێكخراوه‌ی به‌كارنه‌هێنانی چه‌كه كیمیاییه‌كان، چه‌كدارانی ئه‌سه‌د، زستانی ڕابردوو بۆ سێیه‌مین جار له شه‌ڕی نێوخۆیی سوریا كه‌ڵكیان له گازی ژه‌هراوی وه‌رگرتوه.
جێگای ئاماژه‌یه كه كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی، ڕووخانی به‌شار ئه‌سه‌دیان به هێڵی سوور ناوبردووه و له سه‌ره‌تای ده‌سپێكردنی شه‌ڕی سووریاوه، ڕاستەوخۆ بەشدارییان لەو شەڕە کردووەو، جیا لە کوژرانی دەیان کەس لە فەرماندەکانی سپا لە سووریە، به وته‌ی جه‌واد زه‌ریف تا ئێستا ٣ میلیارد‌و پێنجسه‌د هه‌زار دۆلار یارمه‌تی دەوڵەتی بەشار ئەسەدیان داوە، ئه‌وه له كاتێك دایه كه ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له رووی ئابوورییه‌وه، له بارودۆخێكی تەپیو و قه‌یراناوی دایە و بەو بڕی پارە دەتوانێ خزمەتگوزارییەکی بەرچاو بە خەڵکی خۆی بکا.