کۆمه‌ڵگای ئێران و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان وه‌ک به‌شێک له‌و جوغرافیایه وه‌ک هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌کی تر به‌رده‌وام له جووڵه و گۆڕان دایه، ئه‌وه‌ی تا دوێنێ وه‌ک به‌هایه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی چاوی لێده‌کرا له‌وانه‌یه ئه‌مڕۆ دژه‌به‌ها بێ و به پێچه‌وانه‌شه‌وه راسته. ئه‌وه‌ش سه‌باره‌ت به هه‌موو لایه‌نه‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵگا راسته، به‌ها فه‌رهه‌نگی و سیاسی و ئابوورییه‌کان به‌رده‌وام له جووڵه دان، نه‌ک به‌و مانایه‌ی که هه‌ر به‌هایه‌کی ئینسانی له به‌رده‌م گۆڕان دابێ که باسی ئێمه نییه له‌و وتاره‌دا.
له چه‌ند ساڵی رابردوودا خه‌ڵکی رۆژهه‌لاتی کوردستان شێوازی نوێی جۆراوجۆری له رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات تاقی کردۆته‌وه که پێشتر یان هه‌ر بوونیان نه‌بوو یان زۆر که‌م بایه‌خ سه‌یر ده‌کران. ئه‌گه‌ر له ساڵانی ده‌یه‌ی شێستدا خه‌باتی دژی داگیرکاری له کوردستان خۆی له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌کی راسته‌وخۆ و توندوتیژدا دهدیتهوهو چه‌مکی شۆڕشگێڕی به واتا کلاسیکییه‌که‌ی باڵی به‌سه‌ر هه‌موو کۆمه‌ڵگادا کێشابوو، ئێستاکه رۆژانه شاهیدی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌کی نه‌رمتر و لهسهرهخۆترین که پێده‌چێ فه‌رهه‌نگێکی نوێی خه‌باتی لێ بکه‌وێته‌وه. ئه‌و شێوازه خه‌باته کۆمه‌لێک تایبه‌تمه‌ندی هه‌یه که پێویستی به تیڕامان و ئه‌زموون لێوه‌رگرتن هه‌یه.
یه‌که‌م: ئه‌و گۆڕانه کۆمه‌ڵایه‌تییه به‌رهه‌می گۆڕانه له سیسته‌می بیرکردنه‌وه و روانینێکی جیاواز بۆ به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. خه‌ڵکی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان سه‌ره‌ڕای شۆڕشێکی خوێناوی و تێچووی قورس به تایبه‌تی له چه‌ند ده‌یه‌ی رابردوودا، ده‌یانهه‌وێ شێوه‌یه‌کی دیکه‌ش له خه‌بات تاقی بکه‌نه‌وه، ئه‌زموونێک که زۆرێک له گه‌لان تاقییان کرده‌وه‌و تێدا سه‌رکه‌وتن. خۆ ئه‌گه‌ر نه‌توانین بڵێین ئه‌وه بۆته فه‌رهه‌نگێکی گشتگیر، ده‌توانین ئیدعا بکه‌ین بۆچوونی زاڵی کۆمه‌ڵگای کوردییه له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان.
دووهه‌م: ئه‌گه‌ر له گۆشه‌نیگای مرۆڤێکی مۆدێڕنه‌وه چاو له بزووتنه‌وه‌یه‌کی رزگاریخواز بکه‌ین ئه‌وا بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که پێویسته تێچووی جووڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان گرینگی پێبدرێ، واته به‌راوردێک بکرێ له نێوان ده‌سکه‌وت و خه‌ساره‌کان، ئه‌وه‌ش پره‌نسیپێکی نه‌گۆڕی عه‌قڵانییه بۆ مرۆڤی مۆدێڕن. گه‌شه‌ی خه‌باتی مه‌ده‌نی له رۆژهه‌لاتی کوردستان به‌ره‌نجامی ئه‌و گه‌شه هزرییه‌یه که به کۆڵی شه‌پۆله‌کانی مۆدێڕنیتهوهیه.
سێهه‌م: له ده‌یه‌ی رابردوودا زیاتر له هه‌میشه ئه‌و راستییه سه‌لمێنرا که هیچکام له‌و بزووتنه‌وانه‌ی بوونه‌ته هۆی رووخانی سیسته‌مه سیاسییه‌کان، سه‌قامگیری و گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵگایان لێ ناکه‌وێته‌وه. به واتایه‌کی تر بیرۆکه‌ی ریفۆرمخوازی له سیسته‌مه هه‌ره دیکتاتۆره‌کانیشدا رۆژ له‌دوای رۆژ زیاتر په‌ره ده‌ستێنێ به شێوه‌یه‌ک که هه‌وڵ ده‌دا کێشه‌کانی کۆمه‌ڵگا له رێگای گۆڕانی نه‌رم و جووڵه‌ی هێمنانه بکاته رۆژه‌ڤ و له رێگای ئامرازه‌کانی راگه‌یاندن و تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان رای گشتیی کۆمه‌ڵگای بۆ ئاماده بکا.
چالاکانی خه‌باتی مه‌ده‌نی پێیان وایه به فۆکۆس کردن له سه‌ر کێشه‌کانی رۆژانه‌ی خه‌ڵک که په‌یوه‌ندییان به وردترین پیداویستییه‌کانی ژیانه‌وه هه‌یه ده‌توانن به‌ستێنێکی له‌بار بۆ به چالش کێشانی ده‌سه‌ڵاتداران بڕه‌خسێنن که له درێژخایه‌ن دا ده‌توانێ ماف و ئازادییه‌کان ده‌سته‌به‌ر بکا. ئه‌وه‌ی ئه‌وڕۆ له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌یبینین له داواکارییه‌کان سه‌باره‌ت به بابه‌تگه‌لی وه‌ک خوێندن به زمانی دایکی، دابین کردنی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌کان، ده‌سته‌به‌ر کردنی مافه کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگییه‌کان، هه‌وڵدان بۆ بردنه ژێر پرسیاری داموده‌زگا دادوه‌رییه‌کان وه‌ک دابین کردنی پارێزه‌ر بۆ تۆمه‌تباران، به‌شداری کردنی ئامانجدار له هه‌ڵبژاردنه‌کان به ئاراسته‌ی رێکخستنی رای گشتی بۆ داخوازه‌کانی خه‌ڵک و زۆر بابه‌تی هاوچه‌شنی دیکه، ئاماژه‌یه‌کی روونن بۆ په‌ره‌سه‌ندنی خه‌باتی مه‌ده‌نی له رۆژهه‌لاتی کوردستان. به چه‌شنێک که ئه‌و شێوازه له خه‌بات له گۆڕه‌پانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی کۆمه‌ڵگا دا تا دێ پتر شوێن پێی خۆی ده‌کاته‌وه و ده‌بێته ته‌واوکه‌ری خه‌باتی کلاسیک که ده‌یان ساڵه له پێناویدا قوربانی ده‌دا.
لێره‌دایه پرسیارێکی جیددی دێته ئاراوه که بریتییه له‌وه‌ی چه‌نده ئه‌و گۆڕانه ده‌توانێ وڵامده‌ری دۆزی ره‌وای نه‌ته‌وه‌یه‌کی داگیرکراو و دیکتاتۆر لێدراو بێ؟ ئایا ده‌کرێ خه‌باتی مه‌ده‌نی وه‌ک پاڵپشت و یارمه‌تیده‌ری خه‌باتی ئۆپۆزیسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بێ یان به گشتی ده‌بێته جێگره‌وه‌ی ئه‌و چه‌شنه خه‌باته؟ ئایا ده‌کرێ په‌یوه‌ندییه‌کی ئۆرگانیک و زیندوو له نێوان ئه‌و دوو مێتۆده‌دا دروست ببێ؟ ئه‌وانه پرسیارگه‌لێکن که پێویسته نوخبه‌ی سیاسی کورد له ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی کوردستان به‌دوای و‌ڵامیان دا بگه‌ڕێن به ئاراسته‌ی دۆزینه‌وه‌ی میکانیزمێک بۆ پێکه‌وه گرێدانیان.