بە ئامادە بوونی کۆمەڵێکی زۆر لە خزم و هاوڕێیان و کوردانی دانیشتووی وڵاتانی سوید، دانمارک و فینلاند، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و پرسەی لاوی جوانەمەرگ، جێگر موجاهیدی، کوڕی کاک عەبدوولا موجاهیدی، لە شاری ئۆمێئۆی وڵاتی سوید بەڕیوە چوو. ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ئۆکتۆبری ٢٠١٦ی زایینی، لە نێو خەم و پەژارەی بنەماڵە، خزم و کەس و هاوڕێیانی دا و بە ئامادە بوونی نوێنەری کومیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە گۆڕستانی شاری ئۆمێئۆی وڵاتی سوید تەرمی لاوی جوانەمەرگ، جێگر موجاهیدی، کوڕی تێکۆشەری دێرینی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کاک عەبدووڵا موجاهیدی، ناسراو بە “عەولا دۆڵ” بە خاک سپێردرا.
پاشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، ڕێوڕەسمێکی پرسە و سەرەخۆشی بۆ ئەو لاوە جوانەمەرگە بەڕیوەچوو، کە لەویشدا کۆمەڵێکی یەکجار زۆر لە کوردانی دانیشتووی وڵاتانی ئوروپایی، دۆست و هەڤاڵانی جێگر پێکهاتوو لە هەموو نەتەوەکانی نێشتەجێی شاری ئۆمێئۆ بەشداریان تێدا کرد. لەو ڕێورەسمەدا هاوڕێ حەسەن ئەهوەن، کە وەک نوێنەری تایبەتی کومیتەی سوید بەشداری تێدا کرد، پەیامی پرسە و سەرەخۆشی ئەندام و دۆستانی حیزبی و هەروەها کومیتەی بەڕیوەبەری حیزب لە وڵاتی سویدی پێشکەش ئامادەبووان کرد و، لە وتەیەک دا باسێکی کورت سەبارەت بە بنەمالە تێکۆشەر و شۆڕشگێڕی کاک جێگر و قوربانیدان و خزمەتەکانیان بە شۆڕشی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان پێشکەش کرد.
جێگەی ئاماژەیە کە لاوی جوانەمەرگ جێگر موجاهیدی، شەوی ٩ی ئوکتوبر بە هۆی ڕووداوێکی نەخوازراو گیانی لە دەست دا.