دوابەدوای رێکخستنی کەمپەینێک لە ژێر ناوی “بەڵێ بۆ گەشە پێدانی ڕیگەوبانەکانی شاری پێرانشار” بە مەبەستی گرینگیدان بەم پرسەو ، وشیارکردنەوەی ناوەندەکان سەبارەت بە نالە باری دۆخی جادەکان بەشیکی زۆر لە چالاکان و توێژەرانی سیاسی و مەدەنی شاری نەغەدەش پاڵپشتی خۆیانیان دەربڕی.
چالاکانی مەدەنیی وتوێژەرانی سیاسی وکۆمەڵایەتی شاری نەغەدە بە هەست کردن بە بەرپرسیارەتی لەم بارەو بە دەرکردنی بڵاوکراوەیەک و واژۆکردنی لە لایەن ١٠٤ کەسەوە خوازیاری ئەوەن کە لە زۆترین کات بەرپرسان لە هەمبەر نالەباری وخراپی رێگەوبانەکان کە هەموو ساڵێک رووداوی کارەساتباری لێدەکەوێت وخەڵکانێک زۆر گیانیان لە دەست دەدەدن خەمسار وبێ پلان نەبن.
لەو ڕاگەیاندراوەدا هاتووە ؛کە هەبوونی رێگەوبانی ستاندار، کە ئەمنییەتی هاووڵاتییان دەپارێزی یەکەم پێشمەرجی گەشەی ئابووری ولە ئاکامدا گەشەی مرۆیی وکۆمەلایەتییە و لەم بارەوە شاری نەغەدە وەکوو شارێکی گرینگ بە هۆی رێگەو بانی ناستاندار و نائەمنەوە لە ساڵانی ڕابردوودا ، سەڕەڕای توندوتۆڵ بوون و گەرمی پێوەندییەکان لەگەڵ بەشی رۆژهەڵاتی وناوەندییەکانی پارێزگای ورمێ، هیچکات نەیتوانیوە پەرە بە پێوەندییە قووڵ ومێژووییەکەی لەگەڵ شارەکانی پیرانشاروسەردەشت بدات.
کە واتە شاری نەغەدە لە رووی ژێرخانەکانی رێگەوبانەوە پێکهاتەیەکی ناهاوسەنگی هەیە، واتا میحوەرەکانی ورمێ ونەغەدە زۆر سەردەمیانە ڕاگیراوە، بە پێچەوانەکەی میحوەری نەغەدە بۆ پیرانشار هەر لەئاستی رێگەوبانی سەربازی ونیزامی ماوەتەوە.
لە درێژەی ئەوبڵاوکراوەدا هاوکات لە گەڵ پشتیوانی کردن لە کەمپەینی نارەزایەتی و، هەروەها داوکارییەکانی چین وتوێژەکانی شارە سنوورییەکان کە کێشەی ڕیگەوبانیان هەیە، بەتایبەتی بۆ چارەسەر کردنی گرفتی رێگەوبانەکانی نەغەدە /پیرانشار ڕایانگەیاندوە؛ کە ئێمە وەک بەشێک لە چالاکانی مەدەنی وهاونیشتمانیانی شاری نەغەدە دوای لێکدانەوەی داخوازیەکانی شاری پیرانشار، بەم ئەنجامە گەیشتووین کە هەڵوێستێکی لەم چەشنە دەتوانێ لە ئاستی داواکارییەکاندا هاوشێوەی بەشێکی زۆر لە داواکارییەکانی ئێمەش بێ و بەهەموو جۆرێک پاڵشتی خۆمان لەو کەمپەینە واتا کەمپینی “بەڵێ بۆ گەشەپێدانی رێگەوبانەکانی پیرانشار” دەردەبرێن و بە دەردی هاوبەشی خۆمانی دەزانین.
پێویستە بگووترێ کە دوای نارەزایەتی خەڵکی مەریوان، سەبارەت بە نالەباری رێگەوبانەکانی ئەوشارە، لە پیرانشار و نەغەدەش لەسەردەستی چالاکانی مەدەنی نارەزایەتی هاوشێوە هاتە ئاراوەو هێشتا درێژەی هەیە.