لە ماوەی حەوتووی ڕابروودا بە هیمەتی چالاکانی مەدەنی وفەرهەنگیی شاری پیرانشار بە مەبەستی وریاکردنەوەی لایەنە بەرپرسەکان بە نیسبەت دۆخی نالەباری رێگەوبانەکان لەو ناوچەیەدا، کەمپەینێکیان لە ژێرناوە”بەڵی بۆ گەشەپێدان بە رێگەوبانەکان لە پیرانشار” ڕێکخست.
ئەم هەڵوێست وەدەنگ هاتنە لە کاتێکدایە کە ساڵانە خەڵکێکی زۆر بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە جادەکانی نێوان نەغەدە وپیرانشارو سەردەشت گیانیان لەدەست دەدەن.
کە یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی رێژەی کارەساتە جادەییەکان لە شارەکانی کوردستان، بۆ نالەباری ودۆخی خراپی رێگەوبانەکان دەگەڕێتەوە.هەربۆیە دوابەدوای نارەزایەتی دەربڕینی خەڵکی مەریوان ، چالاکانی شاری پیرانشاریش دەستیان دایە چالاکییەکی لەم چەشنەو بەشێکی زۆر لە خەڵک وکەسایەتییەکانی کوردستان پێشوازییان لێکرد. داواکاریی ئەم کەمپەینە ئەوەیە کە لە زووترین کات بەرپرسانی حکوومی لە بەشی ڕیگەوبان لە هەوڵی چارەسەکردنی کێشە وگرفتی ڕێگەوبانەکاندا بن، تا چیتر خەڵک بە ئاسانی نەبنە قوربانی.
جێ ئاماژەیە بەشێکی زۆر لە ڕیگەوبانەکانی کوردستان بەتایبەتی شارە سنوورییەکان ناستانداردە و، پێیان دەگوترێ جادەی نیزامی، کە لە چەندین ساڵی ڕابردوودا تا ئێستا نۆژەن نەکراون.