“رودولفۆ کورال” دادوەری فیدراڵی ئارژانتین داوای لە دەوڵەتی عێراق کرد کە “عەلی ئەکبەر ویلایەتی” راوێژکاری خامنەیی لە کاروباریی نێو دەوڵەتیدا رادەستی ئەو وڵاتە بکا. بە پێی هەواڵی ناوەندی هەواڵی دەوڵەتی ئارژانتین، تێلام، کە لە رۆژی ٣٠ی رەزبەر بڵاو کراوەتەوە، عەلی ئەکبەر ویلایەتیی بۆ بەشداری کردن لە کۆبوونەوەی شورای بەرزی ” مەجمەعی جیهانیی ئیسلامی” رۆیشتوە بۆ بەغدا.
دادوەری فێدراڵ ” رۆدۆلفۆ کورال” ئەرکی بەرپرسایەتیی پەروەندەی تەقینەوەکەی ساڵی ١٩٩٤ی بوینسئایرێسی لە ئەستۆ دایە. لە ساڵی ٢٠٠٦دا دەوڵەتی ئارژانتین بە شێوەی فەرمی چەن کەس لە بەرپرسانی رێژیمی ئێران و گرووپی تێروریستی حیزبووڵای لوبنانی بە داڕشتن و جێبەجێی کردنی ئەو هێرشە تێروریستییە تاوانبار کرد. لە بەرپرسەکانی ئەو کاتی ئێران کە پۆلیسی نێودەوڵەتی حووکمی دەسبەسەرکرانیانی دەرکرد، رەفسەنجانی، عەلی فەلاحیان و عەلی ئەکەبەر ویلایەتین.
بە پێی ئەم راپۆرتە و لە داواکاریەکەی دادوەری ئارژانتینیدا هاتووە، عەلی ئەکبەری ویلایەتی وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئێران، بە هۆی بەرپرسایەتییەکەی هەموو کەرەستە پێویستەکان وەک ویزا و پاسپۆرتی بۆ هەرچی باشتر جێبەجێی کرانی ئەو تەقینەوەیە لە بەردەستی تێرۆریستاندا داناوە. رۆدۆلفۆ کورال لە مانگی ژووئییەی ئەم ساڵیشدا، لە کاتی سەفەری “ویلایەتی” بۆ سەنگاپوور و مالێزی داواکەی خۆی ئاراستەی ئەو دوو وڵاتانەش کردبوو.
دوابەدوای تێرۆری ئالبێرتۆ نیسمەن دادوەری پێشووی پەروەندەی تەقینەوەکەی ئامیا، دووبارە ئەم هەواڵە بۆ بە سەردێڕی دەزگا هەواڵدەرییەکانی جیهان. جێگای وەبیرهێنانەوەی کە نیسمەن لە ١٨ی ژانویەی ٢٠١٥، چەند کاتژمێر بەر لەوەی کە بەڵگە و دۆکۆمێنتەکانی بخاتە بەردەس پاڕلەمان، تەقەی لێی کرا و کوژرا. نیسمەن پێشتر گوتبووی: کە زانیارییگەلێکی لە بەردەستدایە کە کریستینا فێرناندێز سەرکۆماری ئارژانتین لە بەرانبەر موعاملەو بازرگانی کردن لە گەڵ ئێراندا ، سەرپۆشی ناوەتە سەر تاوانە تێرۆریستییەکانی ئەو وڵاتە.