شەوی ٢٩ لە سەر ٣٠ی رەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، هونەرمەندی بهیتبێژو فۆلکلۆرچری کوردستان قادر ئوستاد ئیبراهیمی، ناسراو بە قالەشین کۆچی دوایی کرد.
قادری وەستا برایم لە دایکبووی شارەدێی خەڵیفانی ناوچەی مەهاباد بوو. هەر لە تەمەنی منداڵیەوە خولیای ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی بوو. لە سەردەمی کۆماری کوردستان دا، کاک قادر وەک لاوێکی تازە پێگەیشتوو، چەکی پێشمەرگایەتیی بۆ پاراستن و پارێزگاریی کۆماری کوردستان لە شان کرد. دوای روخانی کۆماریش، وەک وەفادار بە رێبازی کوردایەتی و رزگاریی نەتەوەیی لە هەر هاوکاریەک لە پێناو سەربەرزی و سەرکەوتنی کوردستان و رزگاریی نەتەوەکەی تەنەخی نەکرد.
کاک قادر ئەستاد ئیبراهیمی کەسایەتیەکی بەرز و جێگای رێز، مرۆڤێکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەر و ئەویندارێکی رزگاری و سەربەستی بوو. ئەو وێڕای زیندووراگرتنی بەیت و بەسەرهاتە مێژووییەکان، هونورەکەشی خستە خزمەت تێکۆشانی نەتەوەییەوە. بە سازکردنی بەیتی لەداردانی پێشەوا، شینی لەدەستدانی کۆمار و پێشەوای مەزنی کرد. بە بەیتی سمایل خانی سمکۆ خەرمانی ئەدەبیی بەیتبێژیی کوردی دەوڵەمەندتر کرد.
لە سەرەتای دەستپێکردنەوەی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستان، قالە شین بوو بە پشت و پەنای خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوەیی و ماڵەکەی بوو بە جێگەی حەسانەوەی پێشمەرگە. کوڕانی بنەماڵەی ئوستاد ئیبراهیمی چەکی خەبات و پێشمەرگایەتیان کردە شان. هەر لەو رێگایەشدا دوو رۆڵەی بە ناوەکانی کەماڵ و عوسمان ئوستاد ئیبراهیمی تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی سوورخەڵاتی نیشتمان بوون.
هاوڕێ سەدیق ئوستاد ئیبراهیمی، ئەندامی تێکۆشەری حیزبی دێموکراتی کوردستان و کوڕی ئەو هونەرمەندە نەمرە، لە بابەت کەسایەتیی بەرزی قالەشین وتی: ئەو هەم كورد بوو هەم هەتا هەتايه كورد مايەوه و هەموو کات شانازیی به كورد بوونى خۆیەوە دەكرد.
شایانی باسه ئهم فۆلکلۆربێژه له چرین وزیندووهیشتنهوهی گهنجینهی ئهدهبی زارهکیی ماندوویی نهناسانه ههتاسهر خزمهتی کرد و لە بواری بەیت و حەیراندا تواناییەکی باڵای هەبووە و خۆی یەکێک لەو کەسانە بووە کە جیا لە حەیران و بەیتبێژی، بەیتی داناون.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی هونەرمەند قادر ئوستاد ئیبراهیمی ناسراو بە قالەشین، سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی بە تایبەت هاوڕێ سەدیق ئوستاد ئیبراهیمی، سەرجەم خەڵکی مەهاباد و کۆمەڵگای ئەدەب و هونەری کوردی دەکا و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێ.