باب دیلان(رۆبێرت ئالێن زیمێرمه‌ن) گۆرانیبێژ، موسیقیدان، شاعیر و نووسه‌ری ئه‌مریکایی، ٢٤ی مای ١٩٤١ له مینێسۆتای وڵاتی ئه‌مریکا له‌دایکبوو. ساڵی ٢٠١٦ وه‌کوو براوه‌ی خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بیی نۆبێل هه‌ڵبژێردرا.
ناوبراو له کاتی چوون بۆ قوتابخانه، خۆڕسک ژه‌نینی گیتار و سازی ده‌می فێربوو. دواتر ئامێره‌کانی پیانۆ و گیتاری ده‌کار کرد. شێوازه‌کانی هونه‌ری ئه‌و رۆک ئان رۆڵ، فۆڵک، کادری و بلووز بووه. ساڵی١٩٥٩ رووی له دانیشگا کردووه. ناوی هونه‌ری خۆی له شاعیری بریتانیایی خه‌ڵکی وێلز، به ناوی دیلان تۆماس وه‌رگرتووه.
زۆر که‌س باب دیلان پتر وه‌کوو ژه‌نیار و گۆرانیبێژ ده‌ناسن و گوێ ناده‌نه به‌شی ئاهه‌نگسازی ناوبراو. هه‌ڵبه‌ت کاتێک گوێ له گۆرانیچڕینی ئه‌و ده‌گرین، بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که به‌و تواناییه‌ی گۆرانی ده‌ڵێ، شێعریش ده‌هۆنێته‌وه، به هه‌مان توانایی شێعر هۆنینه‌وه‌ش، تاره‌کانی ئامێری مۆسیقا وه‌ده‌نگ دێنێ.
گۆرانی‌یه‌کانی باب دیلان پڕن له روانگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و عاشقانه‌ی شاعیر. هه‌ڵسوکه‌وتی ئه‌و پتر شاعیرانه‌یه تا شتێکی‌تر. گۆرانی ”وه‌کوو به‌ردێکی جاڵه‌وه‌بوو” گۆڕانێکه له شێوازی سترانبێژی ئه‌ودا. دیلان لێره‌دا، ژیانی که‌سێک ده‌باته ژێر پرسیار و ره‌خنه‌ی لێ‌ده‌گرێ.
له سه‌رده‌می خوێندن له دانیشگا، زۆربه‌ی وه‌ختی خۆی ته‌رخانی گۆرانیچڕین له قاوه‌خانه‌کان کردووه. له راستی‌دا هه‌ر ئه‌و کاته بووه که خۆی وه‌کوو باب دیلان ناساندووه. دوای ساڵێک دانیشگای جێهێشتووه و پیشه‌ی سیرکی ره‌چاوکردووه. جارێک له رێگای سه‌فه‌ر بۆ شیکاگۆ په‌شیمان ده‌بێته‌وه و به‌ره‌و نیۆیۆرک ده‌گه‌ڕێته‌وه. هاتوچۆی گه‌ڕه‌کی گرینویچ ده‌کا. ئه‌و سه‌رده‌مه ژماره‌یه‌کی زۆر هونه‌رمه‌ندی رووناکبیری بێکار له‌وێ ده‌ژیان و رۆژانی پشوو له قاوه‌خانه‌کان له ده‌وری یه‌کتر کۆ ده‌بوونه‌وه گۆرانیان ده‌گوت و کڵاویان ده‌گێڕا و یارمه‌تی ماڵی‌یان کۆ ده‌کرده‌وه. باب دیلانیش هه‌مان کاری کرد تا بۆ یه‌که‌مجار رۆژنامه‌ی نیۆیۆرک بابه‌تێکی له‌سه‌ر بڵاوکرده‌وه. باب ناسرا و کۆمپانیای کۆلۆمبیا فرسه‌تێکی پێ‌ده‌دا و کاسێتێک له گۆرانی‌یه‌کانی تۆمارکرد و دایه بازاڕ.
دانانی گشت کاره‌کانی باب دیلان له چوارچێوه‌ی شێوازێکی تایبه‌ت و دیاریکراودا کارێکی هاسان نییه. سه‌ره‌تا کاری له‌سه‌ر موسیقای خۆماڵی ئه‌مریکایی کرد (فۆڵک / وشه‌یه‌کی یونانی به‌واتای خه‌ڵک). دواتر شێوازه‌کانی بلووز و راکی ره‌چاوکرد. توانایی باب له‌وه‌دا بوو سنووری نێوان ئه‌و شێوازانه‌ی هه‌ڵگرت. یه‌ک له خاڵه ئه‌رێنی‌یه‌کانی سترانبێژی باب ئه‌وه بوو که گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهات و مه‌به‌ست به‌ده‌نگی خۆی، زاڵ به‌سه‌ر موسیقادا بێ. ئه‌و به‌و چه‌شنه توانی روونتر په‌یام و مه‌به‌سته‌کانی به بیسه‌رانی بگه‌یه‌نێ. هه‌ڵبه‌ت له ره‌خنه‌ش بێبه‌ش نه‌بووه. کاتێک له‌جیات گیتاری کلاسیک، گیتاری ئێلێکترۆنی ده‌ست دایه، به‌تایبه‌ت له وه‌ختی چڕینی سترانی ”به‌ردی جاڵه‌وه‌بوو”، خه‌ڵکی هۆگری خۆی هاواریان لێ‌هه‌ستا و ناسناوی ” یه‌هوودا”یان له‌سه‌ر دانا. ئه‌و یه‌هوودایه‌ی به‌پێی ره‌وایه‌ته‌کان خه‌یانه‌تی له مه‌سیح کردبوو. خه‌ڵکانێک له‌و باوه‌ڕه‌دا بوون که ئه‌و له‌به‌ر گۆڕینی ئامێری گیتار، خۆی وه‌کوو له‌شفرۆشێکی موسیقی ناساندووه. به‌شێک له هۆگرانی روویان لێ‌وه‌رگێڕا و پێیان وابوو خه‌یانه‌تی له موسیقی کردووه. دیاره باب به‌و کاره‌ی ده‌ریخست که ده‌کرێ ئاڵوگۆڕ له ئامێر و شێواز و سه‌بکه‌کانی موسیقی‌دا بکرێ. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش بڵێین که ئه‌و گۆرانییه‌ی دوایی ناوبراو، یه‌ک له پڕفرۆش‌ترین گۆرانی‌یه‌کانی بوو.
باب ساڵی 1962 ئیتر به‌ته‌واوی که‌وته نێو جیهانی سیاسه‌ت. به‌تایبه‌ت که له رێپێوانی گه‌وره‌ی ره‌شپێسته‌کانی ئه‌مریکادا به‌شدار بوو و دوای وتاربێژی مارتین لۆترکینگ، ئه‌ویش گۆرانی گوت. باب دواتر سیاسه‌تی وه‌لانا و ئه‌وجار له شێعره‌کانی‌دا پتر هه‌ست و سۆزی عاشقانه به‌دی‌ده‌کرا.
وه‌ڵام لای بایه و
نهێنی‌یه و له دڵی ئه‌و دایه
چه‌نده پێویسته رێگای دژوار بپێوێ
تا وه‌ک مرۆڤ سه‌یر کرێت که‌سێ؟
کۆتری ئاشتی چه‌ند ده‌ریا پێویسته ده‌رباز بێ
تا له که‌نارئاوێک وه‌حه‌سێ؟
تۆپه‌کانی شه‌ڕ چه‌ند جار بهاوێژرێن،
به‌ر له‌وه‌ی کۆتایی‌هێنان به وێرانکاری بڕه‌خسێ؟
وه‌ڵام لای بایه و
نهێنی‌یه و له دڵی ئه‌و دایه.
چیا چه‌ند ساڵ ده‌توانێ سه‌ربه‌رز بێ،
به‌ر له‌وه‌ی نووقمی ئاوی ده‌ریا بێ؟
مرۆڤ چه‌ند ساڵ ده‌توانێ بژی،
به‌ر له‌وه‌ی سه‌ربه‌ست و ره‌ها بێ؟
مرۆڤ چه‌ند جار ده‌توانێ روو وه‌رگێڕێ،
له ئاست نه‌هامه‌تی، بێ‌خه‌یاڵ، بێ‌وه‌فا بێ؟
مرۆڤ چه‌ند جار ده‌بێ سه‌ر هه‌ڵبڕێ،
تاکوو ئاسمانی شینی لێ دیار بێ؟
ده‌بێ مرۆڤ چه‌ند گوێی هه‌بێ،
تا گوێی له گریان و هاوار بێ؟
چه‌نده خه‌ڵک پێویسته بمرن،
تا تێبگه‌ین و مردنیان له زه‌ین‌دا تۆمار بێ؟
هاوڕێم،
وه‌ڵام لای بایه، نهێنی‌یه و له دڵی ئه‌و دایه.
باب دیلان
و: عه‌لی فه‌تحی
لە ژماره ٦٩٠ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه