ئەنجوومەنی ژینگەپاریزی سەزوی چیای مەریوان سەبارەت بە دامەزراندنی پاڵاوگەی نەوت لە تەنیشت گۆلێ زرێبار ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە.
لەم ڕاگەیەندراوەدا بە گرینگیدان بە ژینگەی وڵاتو، ئەرکی پاراستنی دیسانەکە کەمتەرخەمیی ناوەندە حکوومەییەکان خراوەتەبەر باس و لەم بارەوە هاتووەکە؛ زرێبار یەکێ لەو سەرچاوە سروشتییانەیە کە بەردەوام لە ژێر مەترسی و هەڕەشەی هەلپەرەستاندایە و ڕۆژانە تووشی برینی تازە بوە. پسپۆڕان لێکۆڵینەوە و توێژینەوەگەلێکی زۆریان لەسەر زرێبار ئەنجام داوە و دڵسۆزانی زرێباریش زۆر جاران لەگەل بەرپرسان پێوەندییان گرتوە و چەندین جار لە وۆرکشاپ و سمینارگەلی زانستیی جۆراوجۆردا مەترسییەکانی لەناوچوونی زرێباریان خستوەتە ڕوو، کەچی هێشتا زرێبار لەگەل هەمان دەردەکانی جاران دەستەویەخەیە و ئیتر بەرگەی کۆستێکی لەوە گەورەتر ناگرێت.
ئەم هەڵوێستی ئەنجوومەنی سەوزی چیا بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە سەڕەڕای ئەوەی کە چاوەروانی دەکرا ناوەندە پێوەندییدارەکان هەوڵی پاراستنی زرێبار بدەن وەکوو سەرچاوەیەکی ژینگەیی، کەچی بەرپرسان لە ڕاگەیاندراوە فەرمییەکاندا بەڵێنی دامەزراندنی پاڵاوگەی نەوت لە دەشتی “بێلوو” و لە مەودای کەمتر لە دوو کیلۆمێتری زرێباردا ڕادەگەیەنن و تەنانەت هەوڵی ژینگەپارێزان بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەم پرۆژەیە وەک پڕووپاگەندەیەکی میدیایی لە قەڵەم دەدەن.
ئەنجوومەنی سەوزی چیا بە وەبیرهێنانەوەی کۆبوونەوەی بەربڵاوی دەهەزارکەسی لە قەراخی زرێبار دیسان رایەگەیاند کە زریبار شوێنێکی بانژینگەییەو گرێدراوە بە مێژوو ، کلتوور و و مان ونەمانەوە.
ماوەیەک لەمەو پێش کە خەڵکی مەریوان سەبارەت بە هاتوچۆی تانکەرە نەوت هەڵگرەکان وخوڵقاندنی رووداوی کارەساتبار رژانە سەرشەقام و نارەزایەتیان دەربڕی هەر بۆیە لە میدیاکانی ئێران باس لەوەدەکرێ کە بریارە پاڵاوگەیەک لە و شارە دامەزرێنن ، لەم بارەوە ژینگەپارێزانی مەریوانە ئەم بریارە بە نابەجێی دەزانن ودەڵێن؛ دامەزراندنی پاڵاوگەی نەوت لە ژێر ناوی پەرەسەندن و بردنە سەرەوەی ئاستی پیشە و کەم کردنەوەی هاتوچۆی تانکەرە مەرگهێنەرەکان، فریوێکی گەورەیە کە سەدان جاری تر لەو چەشنە بەڵێنانە لەسەر کاغەز هاتوە و جیا لە ماڵوێرانی هیچی تری پێوە نەبوە! سەیر لەوەدایە کە تا ئێستا هیچ لێپرسینەوەیەک لە پلاندانەرانی ئەو گەڵاڵە وێرانگەرانە نەکراوە.
بەم بۆنەوە لە سەرجەم خەڵک و ڕێکخراوەکان، کارناسان، ژینگەپارێزان، میدییا و بەرپرسان چاوەڕوانین لە ئاست دانانی ئەم پرۆژەیە بێدەنگ نەبن و هەڵوێستی شیاو بگرن، چونکە هەموومان لە بەرامبەر هەر پێشهاتێکی نەخوازراودا بەرپرسین.