لە وڵاتی نۆروێژ له ڕێوڕهسمێکدا که بهبۆنهی 10 ی خاکهلێوه پێکهاتبوو، یادو بیرهوهریی شههیدانی کوردستان بهرز ڕاگیرا.
کۆمیتەی نۆروێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان رۆژی یەکشەممە، 15 ی خاکهلیوه بە هاوکاری یەکیەتیی لاوانو ژنانی دێموکراتی کوردستانو کۆمیتە ناوچەی ئۆسلۆ، ئاکەشهووسی حیزب له ڕێوڕهسمێکدا که بۆ ڕێزگرتن له شههیدانی کوردستان پێکی هێنابوو، سمینارێکی سیاسی بۆ هاشم رۆستەمی، بەرپرسی بەشی ئاموزیشی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات بهڕێوه برد و ههروهها به پێشاندانی فیلمێکی دۆکۆمێنتاری لەلایەن سمایل ماملێ، یادی پێشهوا قازی محهممهدو هاوڕێیانی بەرز راگرت.
لهو سمینارهدا هاشم رۆستەمی باسەکەی خۆی لە سێ تەوەری ژیانو تایبەتمەندیو کەسایەتیی پێشەوا قازی محەممەد، پێشەوا قازی و کۆماری کوردستانو شوێنەواری شەری جیهانی دووهەم لە سەر کوردستانو ناوچەکە لهگهڵ پێشەوا قازی محەممەد و دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا پێشکێش کرد.
لە بەشی کۆتایی باسەکەیدا هاشم رۆستەمی، بە پشتبەستن بە بەڵگەکانی ڕۆژنامەنوسێکی ئەرتشی بە ناوی سەروان کیومرس ساڵحی کە لە دادگا دا بەشدار بووە و ئەو راپۆرتەی بۆ گوڤاری “ئەرتەش” ـ کە نهێنی بووە ـ تۆمار کردووە، باسی لە سەر ئازایەتیو قارەمانەتی سەرۆک کۆماری کوردستانو هاورێیانی سەیفی قازی و سەدری قازی لە کاتی دادگایی کردنیاندا کردووە و دەڵێ کە ئەوە قازی محەممەد بوو دادگای محاکەمە و دادگایی کرد.
لە بەشێکی دیکەی سمینارەکە دا مەحموود بیرۆ، بەرپرسی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سوریە، وتارێکی لە سەر کەسایەتیو رۆڵی پێشەوا قازی محەممەد لە دامەزرانی کۆماری کوردستاندا پێشکەش کرد و وێرای دەربڕینی رێزو وەفاداری خۆی بۆ رووحی پاکی یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان، هیوای خواست کە هەردوو لایەنی دێموکرات وەسییەت نامەی پێشەوا لە بەرچاو بگرن و لانی کەم بتوانن ئەو بۆنەو رێورەسمانە بە یەکەوە بگرن.
بەشی دووهەمی بەرنامەکە تایبەت بوو بە پیشاندانی فیلمێکی دوکۆمێنتاری لە ژێر ناوی ” تراژدیای کۆمار” کە هونەرمەند سمایل ماملێ ئامادەی کردبوو.