بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە نێو خۆی وڵات، گوشارخستنی سەر زیندانیانی سیاسی لە بەندیخانەی شاری سنە بۆتە کارێکی هەر رۆژەو ئەمەش بۆ زیندانیان و بنەماڵەکانیان جێگەی نیگەرانییە.
لە هەواڵەکاندا هاتووە کە بێ رێزی کردن و ئازاردان و شکاندنی کەرامەتی زیندانیان لە بەندیخانەی سنە بۆتە شتێکی ئاسایی و هیچ شوێنیک لەم بارەوە خۆی بە بەرپرسیار نازانێ و بەرپرسانی زیندانی سنە پەیتاپەیتا لە بیانووگرتن و گووشارخستن وئازاردانی گیراوەکانن.
ئەم ئازارو ئەزیەت کردنەش لە لایەن بەرپرسی حیفازەتی زیندان ومودیری نێوخۆی زیندان و بە دەستووری راستەوخۆی بەرپرسی زیندانی سنە جێبەجێ دەکرێ و، بۆتە هۆی سازبوونی کەشێکی نالەبار بەسەر زیندانیانی سیاسی.
جێ وەبیر هێنانەوەیە کە زیندانی ناوەندی سنە بەبێ لە پێش چاوگرتن و جیاکردنی تاوانباران ، زیندانیانی جیابیر وسیاسی لە لە تەنیشت تاوانبارانی کۆمەڵایەتی ومەترسیدار ڕادەگرن، ئەم کارەش بەمەبەستی ئازاروگوشار خستنی زیاتر بەسەر زیندانیانی سیاسییە و زۆرجار ئەم کردەوە لە لایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ مەحکووم کراوە.