بەرێز خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی خۆی پێشکەش بە سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
فەرموون لە گەڵ دەقی ئەو پەیامە؛
بەڕیز ئانتۆنیۆ گوتیرێس! سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان
لە گەل رێزوسڵاو!
بە بۆنەی هەڵبژێرانتان بە سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم وهاورێیانم لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانتان پێشکەش دەکەم.
هەڵبژیرانی ئێوەی بەرێز بە سکرتێری گشتی گەورەترین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، لە کاتێکدا کە جیهان بە قوناغێکی پڕکێشە و مەترسیدار تێپەڕ دەبێ، بە دەرفەتێک بۆ پەرەگرتنی ئاشتی، نەمانی بێ مافیی گەلانی بندەست و، کاڵبوونەوەی شەڕ و کوشتار و سەرکوت لە جیهاندا ، دەزانین.
حیزبی دیمۆکراتی کوردستان کە پێشتریش شانسی ناسین و هاوکاری لە گەڵ ئێوەی بەڕێز لە چوارچێوەی ڕێکخراوی جیهانیی ئەنترناسیوناڵ سۆسیالیستدا هەبووە، هیوادارە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێر ریبەریی ئێوەدا هەوڵی زیاتر بۆ نەهیشتنی شەڕ، سڕینەوەی ناعەدالەتی، جێگرکردنی پڕەنسیپەکانی مافی مرۆڤ لە جیهان و گەیشتنی نەتەوە ژێردەستەکان و یەک لەوان نەتەوەی کورد لە ئێران بە مافەکانی خۆیان، بدا.
بە هیوای سەرکەوتنی بەڕێزت لە بەرپرسایەتیی نوێدا و بەئاواتی بەرەو پێشچوونی زیاتری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جێبەجێکردنی ئەرکە جیهانییەکانیدا.
خالید عەزیزی
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
١٧/١٠/٢٠١٦