ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٥.١٠.٢٠١٦ کاتژمێر ٠٩:٠٠ بەیانی کۆمیتەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە وڵاتی دانمارک، بە بەشداری بەشی هەرە زۆری ئەندامانی حیزب لەو وڵاتە، کۆنفڕانسی ساڵانەی خۆی کە بە ناوی ( کۆنفڕانسی شەهیدانی نوێی سورخەڵاتی حیزب، شەهیدان: ئازاد ئاڵی و ئەمیری قادریان)، ناودێر کرابوو بەڕێوە برد. ئەو کۆنفڕانسە بە مەبەستی هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتە و پێداچوونەوە بە کاروتێکۆشانی کۆمیتە، لە نێوان دو کۆنفڕانسدا و لە ژێر چاوەدێری نوێنەری بەشی تەشکیلاتی کۆمیتەی دەرەوەی وڵات حیزب بەڕێز حەسەنی حاتەمی و نوێنەرانی کومسیۆنی چاوەدێری ئەساسنامە و پەیڕەوی نیوخۆی حیزب بەڕێوەچوو. سەرەتا بە سرودی نەتەوایەتی ئەرەقیب و دەقەیەک بێ دەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی سووەخەڵاتی کورد و کوردستان، کۆنفراس دەستی پێکرد. پاشان بە چەند وتەیەکی تێکۆشەری دێرین بە ڕێز ناسرپیرانی کۆنفرانس ڕەسمەن دەستی بە کارەکانی کرد. هەروەها هیوا زەبیحی ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی لە سەر کاروچالاکی هەموو بەشەکانی کۆمیتە پێشکەش بە بەشداربووانی کۆنفڕانس کرد. لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆنفڕانسە دا هاوڕێی بەڕێز حەسەنی حاتەمی باس و لێکۆڵینەوەیەکی سیاسی لە سەر بارودۆخی هەستیاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڵوێستی حیزب لەم هەلومەرجە ناسکەدا پێشکەش کرد. لە بەشی دووهەمی کاری کۆنفرانس بەشداربووان لە گفتگپیەکی کراوەدا پرسیارو پێشنیارو ڕەخنەکانی خۆیان ئاراستەی نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات وبەڕێوەبەرانی کۆنفڕانس کرد. و لە کۆتایی کاری کۆنفڕانسدا لە کەشێکی زۆر دیموکراتیکدا هەڵبژاردن بۆ ئەندامان و جێگرانی کۆمیتەی نوێی حیزب لەو وڵاتە ئەنجامدرا و کۆمەڵێکی دیکە لە تێکۆشەرانی دیموکرات، ئەرک وچالاکیی حیزبییان پێسپێردرا.
حیزبی دیموکراتی کوردستان- کۆمیتەی دانمارک