مووسڵ، ئەم شارە کێشە لەسەرەی کە بە درێژایی دوو سەدەی رابردوو بۆتە ناوەندی کۆمەڵێک ململانێی جیهانی و ناوچەیی. شارێک کە لە شەڕی جیهانی یەکەم و لە ئاکامی قەراردادە شوومەکەی سایکس_پیکۆدا کە کورستانی بەسەر چوار وڵاتدا دابەش کرا، بە وڵاتی تازە دروستکراوی عێراقەوە لکێندراو بووبە ناوهندی ناکۆکییەکان؛ لەلایەک لە نێوان بریتانیاو فەڕانسەو لە لایەکی دیکەیشەوە نێوان عێراق و تورکیە.
ئێستا و راست لە ١٠٠ ساڵەی درووستبوونی ئەسڵی ناکۆکییەکان دا دیسان مووسڵ ناوەندی کێشەکانە. ئێستاش موسڵ هەمان چیروکی ١٠٠ ساڵ پیش ئێستای خۆی دووبارە دەکاتەوە. بەو جیاوازییەوە کە چاوی دوو وڵاتی دیکەی واتە ئامریکاوئێرانیشی لە سەرە.
لە گەڵ ئەوەیکە ئێران تا ئێستا (نە لە رابردوو نە لە ئێستادا) چاوی تەماحی نەبڕیوەتە موسڵ. بەڵام ئەمجارەیان بابهتهکه بە جۆرێکی دیکەیە! مووسڵ کە دوای بەغدا دووهەمین شاری سوننی نشینی عێراقەو هێندێک لە رکهبهرانی ئێرانیش بەدەوریدا مڵوومۆیانە، بۆ رێژیمی شیعە مەزهەبی خاوەن نەیار و رەقیبی وەک فەڕانسە، بریتانیاو ئامریکاو تورکیە، مانایەکی تایبەتی هەیە. بۆیە ئێران نەدەتوانێ بێتەفاوەت دانیشێ و لە دوورەوە سەیری چارەنووسی مووسڵ بکات و نە دەشتوانێ راستەوخۆ وەک تورکیە بێته نێو مهیدانی رکهبهریهکانهوه! بۆیە گومان لەوەدا نیە کە هێندێک لەو هێز و لایەنانەی کە هەوڵی بەشداری لە شەڕی مووسڵ دەدەن دەتوانێ ئادرەسێکی ئاشکرا بێت بۆ دۆزینەوەی پیلان و ئامانجەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە نیسبەت پرسی مووسڵەوە.
حەشدی شەعبی سەرەداوێکی روون و ئاشکرایە بۆ خوێندنەوەی هەڵوێستەکانی ئێران لە سەر داهاتووی مووسڵ. سەرەڕای دژایهتیی زۆرێک لە لایەنەکانی پێوەندیدار بە پرسی موسڵ، بە وڵاتانی زلهێزو ناوچەییەوە، پێداگریی حەشدی شەعبی لە بەشداریکردنی لە پرۆسەی ئازادیی! موسڵ و هەروەها قسەکردن لە بەڕێوەبردنی مووسڵ _ دوای بە ئەنجامگەیاندنی پرۆسەی ئازادی_ بە شێوەی هاوبەش لە لایەن “رزگارکەران”ی موسڵ، دەری دەخات کە بە دوای بەشی خۆیدا دەگەرێ.
گومان لەوەدا نیە کە بەشی ئێران ناتوانێ بریتی بێت لە بەشداریپێدانی لە بەڕێوەبردنی موسڵ دوای ئازادکردنی!. کەوابوو ئێران بێ مەیل نیە لەوەیکە حەشدی شەعبی لە شەڕی موسڵ دا وەک کارتێکی گوشار بەکار بێنێ.
تورکیەی میراتگری عوسمانی یەکێک لەو لایەنە ناوچەیییانەیە کە ڕاشکاوانە، سەرەڕای دژایهتی کردنی رەسمیی دەوڵەتی عێراق، هەوڵی بەشداریکردنی لە پرۆسەی ئازادی موسڵ دەداو هەر زۆر بە ئاشکرایش دەڵێ کە “هێزەکانم دوای رزگاریی موسڵیش لە دەوروبەری موسڵ ناکشێنمەوە!”.
راستە کە ئێران ناتوانێ هەم لە پرۆسەی ئازادی موسل و هەم دوای ئازادیی ئەمشارە لە چنگی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش)، بەشێکی لە رۆڵگێڕان و بەشداریدا هەبێ، بەڵام لە کەس شاراوە نیە کە بۆی گرینگە کە چۆن و لە لایەن چ لایەن و دەوڵەتانێکەوە رزگار دەکرێ و لە کۆتاییدا بەڕێوەبردی بەر کێ دەکەوێ.
حزووری نیزامیی تورکیەو هەوڵدانی بۆ بەشداری کردن لە پرۆسەی رزگاری موسڵ و تەماحی لە مێژینەی ئەم وڵاتە لە چارەنووسی کۆتایی ئەم شارە، یەکێک لە نیگەرانیەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. بە واتایەکی دیکە ئێران لە نیەتی تورکیە بەرانبەر بە موسڵ بە تایبەتی و بەگشتی بەرانبەر بە وڵاتی عێراق، نیگەرانەو حەز بە پێشڕەوەییەکانی تورکیە لەم وڵاتەدا ناکات. بۆیە بە هەر جۆرێک کە بوێ بکرێ، هەوڵ دەدات پاشەکشە بەم وڵاتەو نیەتەکانی لە فراوانخوازیدا بکات.
حەشدی شەعبی و کۆمەڵە هێزێکی دیکەی نەیاری دەوڵەتی تورکیە، وەک پارتی کرێکارانی کوردستان و تورکمەنە شیعەمەزهەبەکان کە نزیکن لە ئێران و، بەشێکیان پێداگری لەسەر بەشداریکردنیان لە پرۆسەی ئازادی موسڵ دا دەکەن، دەتوانن کارتێکی گونجاو بن بۆ ئێران لەم پێوەندییەدا.
لەم نێوەدا حەشدی شەعبی وەک هێزێکی “شیعە” و “عێراقی” دەتوانێ گونجاوترین کارتی ئێران بێ. چونکی لە لایەک وەک هێزێکی عێراقی ئەو رەواییە بە خۆی دەدا کە بەشداری شەڕەکە بێت و لە لایەکی دیکەوە کۆمەڵە دەنگێک بە دژی بەشداریکردنی لە شەڕەکە لە ئارادایە کە لە کۆتاییدا دەکرێ بەرانبەر بە راگرتنی تورکیە کە بەشداری شەڕەکە نەبێت، مامەڵەی لە سەر بکرێت. رێگای ئەم مامەڵەیەش لە سەر پاشگەزکردنەوەی حەشد لە بەشداریکردنی شەڕ، بێگومان ئێران دەبێت.
هەڵبەت پێداگریی پارتی کریکارانی کوردستان(پەکەکە) لە پرۆسەی ئازادی موسڵ و دژایەتی تورکیەیش بەرانبەر بەم هەوڵەی پەکەکە، ناوتوانێ به دوور بێ له ههوڵی شوێندانهریی ئێران لهم کێشهیهدا.