بە پێی هەواڵێک کە لە وڵاتی سویدەوە بە دەستمان گەشتووە لاوێکی تازە پێگەشتوو بە ناوی جێگر موجاهیدی تەمەن ٢٠ ساڵ، کوڕی تێکۆشەری دێرینی ڕێزەکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان کاک عەبدووڵا موجاهیدی، ناسراو بە عەوڵا دۆل، شەوی یەکشەممە ڕێکەوتی ٩ی ئۆکتۆبری ٢٠١٦ی زایینی، بە هۆی کارەساتێکی نەخوازراو، لە شاری ئۆمێئۆی وڵاتی سوید گیانی لە دەست دا. بنەماڵەی کاک جێگری یەکێک لەو بنەماڵە شۆڕشگێر و خاوەن هەڵوێستانەی ناوچەی سەردەشت بوون کە بە درێژایی دەیان ساڵ شۆڕشی ئاشكرای حیزبی دیمۆکراتی کوردستان و تا ئێستاشی ڵەگەڵ دا بێ، لە تێکۆشان رانەوەستاون و وەفادار بوون بە ڕێبازی شەهیدان. پێویست بە ئاماژەیە کە مامێکی کاکە جێگر بە ناوی مەحمود موجاهیدی ناسراو بە مەحموودە دۆل، کە یەکێک لە کادر ناسراو و فەرماندە لێهاتووەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو، لە لایەن کۆمەڵێک تێرۆریست و بەکرێگیراوی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، لە ئۆردوگای حاجیاوای باشوور کوردستان، شەهید کرا.
پۆلیس و داودەزگای داوەری وڵاتی سوید سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و بەدوادا چوون بۆ ڕووداوەکەو، وا بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بدرێتەوە بە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی گیان لە دەستدانی ئەو لاوە تازە پێگەشتووەوە، پرسە وسەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی بنەماڵە و کەسوکاری لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بە تایبەت هاوڕێی تێکۆشەر کاک عەبدووڵا موجاهیدی و بنەماڵەی کەی دەکات و خۆمان لە خەمیان دا بە شەریک و بەشدار دەزانین.