شێخ سەید تەها کەماڵی زادە حسینی نەقشبەندی، پیر و مورشیدی تەریقەتی نەقشبەندی، رۆژی یەکشەممە ١٨ی رەزبەر لە شاری ورمێ کۆچی دوایی کرد.
شێخ سەید تەها کەماڵی زادە ساڵی ١٣٠٣ی هەتاوی لە گوندی خەلانی سەر سنووری باشوور- رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بوو. خوێندنی ئایینی لە لای مامۆستایانی بە ناوبانگی وەک شێخ محمد ئەنوەری وانی، یاری نیزیکی بەدیعوزەمانی نەوڕەسی و شێخ مەزهەر ئەفەندیی هەولێری تێپەڕ کرد. ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی لە گوندی گەزگەسکی ناوچەی پیرانشار جێگیر بوو. دوای کۆچی دوایی شێخ عەلائەددینی باوکی و لە سەر وەسیەت و راسپاردەی ئەو، ئیرشادی تەریقەتی نەقشبەندی بە ئەستۆ گرت. ساڵی ١٣٦١ و بە دوای هێرشی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، شێخ سەید تەها نەقشبەندی لە نێوان ئاوارەیی و هاوکاری لە گەڵ پاسدارانی کۆماری ئیسلامی دژ بە نەتەوەکەی، ناچار بوو رۆژهەڵاتی کوردستان بە جێ بێڵێ و ئاوارەی باشووری کوردستان بوو. ئەو کەسایەتیەکی بەرزی ئایینی، کۆمەڵایەتی و هاوکات مرۆڤێکی زانا و سیاسی بوو. ساڵی ١٣٦٣ رێگای هەندەرانی گرتەبەر و لە وڵاتی فەرانسەو دواتر لە ئاڵمان گیرسایەوە. دوای ١٠ ساڵ دەربەدەری و لە سەر پێداگری و خواستی زۆری پێڕەوانی تەریقەتی نەقشبەندی، گەڕایەوە رۆژهەڵاتی کوردستان و لە شاری ورمێ ئیرشاد و رێنوێنیی پێڕەوانی تەریقەتی نەقشبەندی درێژە پێ دا. خانەقاکەی هەردەم پەناگای لێقەوماوان بوو. تا لە ژیانیشدا ما، لە بەرەی نەتەوەکەی دا مایەوە.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەبارەت بە کۆچی دوایی شێخ سەید تەها کەماڵی زادە حسینی نەقشبەندی، سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی و سەرجەم پێرەوانی تەریقەتی نقشبەندی دەکا و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێ.