حه‌سه‌ن مووسه‌وی چلیك؛ جێگری ستادی به‌رنامه‌دانانی خۆشبژیویی كۆمه‌ڵایه‌تیی ڕێكخراوی بێهزیستیی ئێران ڕایگه‌یاند كه “ژنانی كارتۆن خه‌و” ئه‌م ژنانه‌ی كه زبڵه‌كان ده‌گه‌ڕێن ڕوو له به‌رزبوونه‌وه دایه.
حه‌سه‌ن مووسه‌وی چلیك ڕۆژی ڕابردوو به هه‌واڵده‌ریی كاری ڕاگه‌یاند كه ڕێژه‌ی ئه‌و ژنانه‌ی كه بۆ دابینكردنی بژیوی ژیانیان ناچارن له شه‌قام، مێترۆ و پاركه‌كان بژین، به‌رزبۆته‌وه.
به‌قسه‌ی ئه‌م كاربه‌ده‌سته‌ی ڕێكخراوی بێهزیستیی ئێران، یه‌كێك له ڕێگاكانی دابینكردنی بژیوی ژیان بۆ ژنان جگه له له‌شفرۆشی، گه‌ڕانی زبڵه‌كان و خواردنی به‌رماوی خه‌ڵكی دیكه‌یه.
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی له‌خۆبووردوانی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێران هه‌روه‌ها گوتی: هه‌ژاری، دابه‌زینی به‌رپرسایه‌تیی كۆمه‌ڵایه‌تی له كۆمه‌ڵگه و بێته‌فاوه‌تیی خه‌ڵك سه‌باره‌ت به ده‌ورووبه‌ر له هۆكاره‌كانی به‌رزبوونه‌وه‌ی دیارده‌ی گه‌ڕانی زبڵ و كارتۆن خه‌وه.
ناوبراو ده‌ڵێ: ئه‌م بابه‌ته له‌وانه‌یه دیارده‌ی جیاجیای دیكه‌ی وه‌ك خراپ كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌م ژنان، ڕووكردن به ماده‌ی هۆشبه‌ر و مه‌سه‌له‌ی ئه‌خلاقی، توندوتیژی، ناتوانابوونیان له هه‌مبه‌ر پێشێلكردنی مافه‌كانیان، نه‌خۆشیی جۆراوجۆری وه‌ك ئیدز، هێپاتیت، تاوان كردنی وه‌ك دزی، به‌ڵاوكردنه‌وه‌ی ماده‌ی هۆشبه‌ر لێ بكه‌وێته‌وه.
ئاماری ده‌قیق و ورد له‌باره‌ی ڕێژه‌ی ژنانی سه‌رگه‌ردان و بێ په‌نا له لایه‌ن هیچ دامه‌زراوه و ئۆڕگانێكی ڕه‌سمیی ئێران بڵاوناكرێته‌وه. ڕێكخراوی بێهزیستیی ئێران له ساڵی ٩٣ ڕایگه‌یاند كه ٦ هه‌زار ژنی له ناوه‌نده‌كانی بێهزیستیی و “خانه‌ی سڵامه‌تی” په‌نا داوه و هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه سه‌دی ٨٦ی ئه‌م كه‌سانه كارتۆن خه‌ون.