لەم رۆژانەی دوایی دا شاری مەریوان جارێکی دیکە بووتەوە بە مەیدانی خەباتی مەدەنی و شارستانییانەی خەڵکی ئەم شارەو رۆژهەڵاتی کوردستان. دیارە ماوەیەک لەمەوبەریش کۆمەڵێک چالاکی و جموجۆڵی مەدەنی لە پێناوی گەڕاندنەوەی مافی دووچەرخەسواریی بۆ ژنان لەم شارە هاتنەئاراوە، کە گرنگییەکی تایبەتیان هەبوو. خەڵکی ناڕازیی مەریوان لەم خۆپێشاندانە هێمنانەیەدا لە چوارچێوەی ویستێکی زۆر و ناسیاسییش دا لە دەوری یەک کۆبوونەوەو خوازیاری باشترکردنی تەناهیی رێگەوبانەکانی شارو ناوچەکەیان بوون. ئەوان داوایان لە بەرپرسانی شار و لەسەرووی هەمووانەوە فەرماندار، کە کاربەدەستێکی خۆجێییشە، کرد رێگەی هاتوچۆی” تانکێرەکانی مەرگ” بگۆڕن. چونکە هاتوچۆی تانکێرەکانی هەڵگری نەوتی خاوی باشووری کوردستان رۆژانە گیانی هاووڵاتیانی ناوچە دەخەنە مەترسییەوەو هاتووچۆی ئەم تانکێرانە ئەویش بەم رێگاوبانە خراپ و ناستانداردانە دا بۆتە هۆی لەدەستچوونی گیانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەریوان و ناوچە.
لە رواڵەت دا هەرچەند کاربەدەستان بەڵێنیان دا ولامی داوای خەڵکی نارازی بدەنەوە و هێزە سەرکوتکەرەکان لە رووبەرووبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ خۆپێشاندەران خۆیان پاراست، بەڵام راست دوای خۆپێشاندانەکە دیسان سیاسەتی چاوترسێنکردنیان گرتەوەبەر و ژمارەیەک لە خۆپێشاندەرانیان دەستبەسەر کرد. دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک لە چالاکانی مەریوان بە تۆمەتی ریکخستن یان بەشداری لەو خۆپێشاندانەدا نیشانەی ئەم راستییەیە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە هەرچەشنە ناڕەزایەتی و مافخوازییەکی کۆمەڵانی خەڵک تەنانەت لە ئاستی داوایەکی ئاسایی وەک باشترکردنی تەناهیی رێگەوبانەکانیش دەترسن. بۆیە دەیانەوێ لەهەرحاڵدا سیاسەتی بەروژووربردنی تێچووی هەرچەشنە ناڕەزایەتییەک و کۆبوونەوەیەکی خەڵک لە دەوری یەک بەشێوەیەکی دیکە درێژە بە سیاسەتی سەرکوت بدەن. لە پێوەندی لەگەڵ ئەم ناڕەزایەتییە مەدەنییەی خەڵکی مەریوان دا کە تەنانەت رۆژێک دواتریش بە مەبەستی ئازادکرانی دەستبەسەرکراوانی خۆپێشاندانی رۆژی پێشتر درێژەی کێشا چەند خاڵ جێگای ئاماژەن: یەکەم: دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران دەیهەوێ بە شێوازە جۆراوجۆرەکانی سەرکوت و تاککتیکەکانی بەلاڕێبردن و کەممەودا کردن و ناکام کردنی خۆپێشاندان و جموجۆڵە مەدەنییەکانی خەڵکی کوردستان زەینیەتێکی نەرێنی لە پێوەندی لەگەڵ کارسازبوونی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە بیروڕای خەڵک دا بچەسپێنێ . بەچەشنێک کە ئەم چەشنە ناڕەزایەتییانە کە ریشەیەکی قووڵیان هەیە و دەتوانن ببنە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی بەرینتر بێ ئاکام نیشان بدرێ. دووەم: ئەم جۆرە ناڕەزایەتییانە بەم پێیە کە خۆڕسکن جگە لە هاوئاهەنگیی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هیچ چەشنە رێکخستن و پلانمەندییەکیان لە پشتەوە نیە. بۆیە تەنیا لە تاکتیکی کۆکردنەوەی خەڵک لە ناوەندی شارەکان دا کورت دەبێتەوە. سێیەم: لەم دۆخە میلیتاریستییەدا کە بە سەر رۆژهەڵاتی کوردستان دا زاڵ کراوە، ناڕەزایەتیه جەماوەرییەکان کاتێک دەتوانن ئامانجە دیاریکراوەکانیان بپێکن کە خاوەنی پلان و تاکتیکی گونجاو و هەڵسەنگێندراو لەگەڵ پلان و تاکتیکەکانی دەزگای سەرکوتی رژیم بن. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە لە پێوەندی لەگەڵ هەرچەشنە جموجۆڵێکی ناڕەزایەتی و جەماوەری دا کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی هەول بدەن بەر لە دەستپیکردنی هەر جموجۆڵێکی لەم چەشنە بیر لە تاکتیک و رێگاکانی بە ئاکام گەیاندنی بکەنەوە. لەم پێوەندییەدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکان دەتوانن بە شێوەیەکی زۆر کاراتر لە پێشوو دهور بگێڕن و لە خزمەت ئامانجداربوون و هاوئاهەنگیی هەرچی زیاتری بزاوتە ناڕەزاییەکاندا بن.
ئەزموونی رووداوەکانی ساڵانی رابردوو نیشانی داوە کە کوردستان بەستێنی گەورەترین و بەرفراوانترین و مافخوازانەترین ناڕەزایەتییە جاماوەرییەکانە. گومانێک نیە لە بەر رووناکایی ئەم راستییەیە کە حکومەتی ئیسلامی جگە لە بەکارهێنانی شێوازە جۆراوجۆرەکانی سەرکوت لە تاکتیک و پلانی داڕێژراو بۆ بیئاکام کردنی هەرچەشنە ناڕەزایەتییەک یان خۆپێشاندانیکی مافخوازانەی خەڵک کەڵکی وەرگرتوە. کەواتە کاتی ئەوە هاتوە حیزب و رێکخراوە سیاسییەکان و چالاکانی مەدەنی بیر لە پلانمەند کردنی ئەم بزاوتە جەماوەرییانە بکەنەوە.