سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەواڵی لە نێو بردنی تیمێکی چەکداری لە ناوچەی سەلاسی باوەجانیی ڕاگەیاند.
بە گوێرەی هەواڵو راپۆرتی ڕاگەیەنەکانی سەر بە سوپای پاسدارانو وەزارەتی ئیتلاعات، ڕۆژی ١٣ی ڕەزبەر(٤ی ئۆکتۆبر ( تیمێکی چەکدار کە ژمارەیان ١٢ کەس بووە، لە ناوچەی سەلاس و باوەجانی لە پارێزگەی کرماشان، دەکەونە بەر هێرش و پەلاماری سوپای پاسداران و هەموو ئەندامانی ئەو تیمە گیانیان لە دەست دەدەن. ئەو ڕاگەیەنانە ڤیدیۆی هێڕشی هێلیکۆپتێرەکانی سوپا بۆ سەر ئەفرادی ئەو تیمە و هەر وەها وێنە و ڤیدیۆی ڕاگویزتنی تەرمی بێگیانی ئەندامانی تیمەکەشیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا، بڵاو کردوەتەوە. دواتر پەژاک رای گەیاند ئەو تیمە کە لە ژمارەیەک گریلا پێک هاتبوو، سەر بەو ڕێکخراوە بووە.
هەر لەو پێوەندییەدا قادر وریا ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێک دا بۆ باسنیوز، وێڕای مەحکوومکردنی نوێترین پیلانگێڕی و تاوانی کۆماری ئیسلامی بۆ شەهیدکردنی ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە پارێزگەی کرماشان، لەلایەن حیزبەکەیەوە هاودەردیی لە گەڵ بنەماڵە و هاوسەنگەرانی ئەو شەهیدانە راگەیاند. ڕاشیگەیاند “هەر ڕۆڵەیەکی تێکۆشەری کورد لە هەر حیزب و ڕێکخراوێک ، بەدەستی کۆماری ئیسلامی ببێتە قوربانی، ئێمە مەحکوومی دەکەین و بەداخبوونی خۆمان لەو پێوەندییە داڕادەگەیەنین و بە خەسارێکی میللەتەکەمانی لەقەڵەم دەدەین.”