دوای ئەوەی بڵاوبوونەوەی وێنەی بنێرێک لە تێرمیناڵی خورەمئاوا کە تێیدا بێڕێزی بە جلوبەرگی کوردی کرابوو، ناڕەزایەتیی بەرینی کوردەکانی لێ کەوتەوە، بەرپرسی پێوەندیە گشتیەکانی گواستنەوەی لوڕستان داوای لێبوردنی لە گەلی کورد و کردەوەکەی بە بێ ئیخلاقی و نادروست وەسف کرد.
رەزا عەبدی رایگەیاند کە ئەو کارە نادروست و دوور لە ئیخلاقە، لە لایەن کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵ ئەنجام درا. هەر دوای ئاگادار بوونەوەمان هەر زوو بەرهەڵستیان بووینەوەو دژ بە ئەنجامدەرانی ئەو کارە رێگای یاساییمان گرتە بەر. هەروەک ئاشکرای کرد کە بەرپرسانی ئەو کۆمپانیایە رایانگەیاندوە کە ئامانجی ئەوان بێڕێزی بە جلوبەرگی کوردی نەبووەو پەشیمانیی خۆیان لەو کارە راگەیاندوە.
وتیشی کە هەموو بنەماڵەی ئێمە لە خورەماوا جلی کوردی دەپۆشن و شانازیش بە زمان و جلی کوردیەوە دەکەین.
بڵاوبوونەوەی وێنەی بنێرێک لە تێرمیناڵی خورەمئاوا کە وێنەی پانتۆڵێکی کوردی و نووسراوەیەک دژ بە هاتوچۆی رێبواران بە جلوبەرگی کوردی نیشان درابوو، ناڕەزایەتیەکی بەرین لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هاتە ئاراوە.