هەڵبژێردراوانی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی” لە هەرێمی کوردستان دیاریکران و خەڵاتەکانی “سەرویی زێڕین” و “لەوحەی فەخری” ئەم فیستیڤاڵە بەسەریاندا دابەشکرا.
لە کۆتایی ئەم فستیڤاڵە دا لە تەنیشت سینەماکارانی جیهان کە لە چەندین وڵاتی جۆربەجۆرەوە بەشدارببوون سینەماکارانی رۆژهەلاتی کوردستانیش سەرکەوتنی باشیان وەدەست هێنا کە بریتین لە:
ـ خەڵاتی تەندیسی “سەرویی زێڕین”ی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی “سینەمای جیهان” بەخشرا بە فیلمی سینەمایی “بیرەوەرییەکانی ئەسپە ڕەش” لە درەهێنانی “شەهرام عەلیدی” سینەماکاری سنەیی، بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی ئێران و تورکیا.
ـ “لەوحەی فەخری” تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەران بۆ باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتنی “سینەما جیهان” بە “ئەمین جەعفەری” بۆ وێنەگرتنی فیلمی “تەپڵ” Drum لە دەرهێنانی “کەیوان کەریمی” بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی ئێران و فەڕەنسا.
ـ “لەوحەی فەخری” تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی “سینەمای کوردی” بە فیلمی سینەمایی “ماڵئاوا ئانالۆگ” لە دەرهێنانی “هیوا ئەمین نیژاد” لە وڵاتی ئێران بەخشرا.
لە ڕێوڕەسمی کۆتایی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی” بە هەوڵی سینەماکارانی کورد، لەوانە: “مێهرداد سلێمانی”، “سەتار چەمەنی گوڵ” و “ڤیدا ساڵحی” بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای سینەمایی “ستاک فیلم”، “ساڵم سەڵەواتی” و “سۆران فەهیم”، بەرپرسانی فیستیڤاڵە و سینەماکارانی ئامادەبوو لە فیستیڤاڵ و هەروەها هۆگرانی هونەریی سینەما بە هەڵکردنی مۆم لە تەنیشت وێنەی برایانی کەریمی یاد و برەوەریی ئەم سینەماکارە کۆچکردووە کوردانەیان، لەوانە: “تەها کریمی” نووسەر و دەرهێنەر، “هاوڕێی کەریمی” رۆژنامەنووسی سینەمایی و خویندکاری سینەما لە وڵاتی هیندستان و “هیوا کەریمی” وێنەگر و مۆنتێری کەناڵە جۆراوجۆرە تەڤیزیۆنییەکان بەرز و پیرۆز و هەرمان ڕاگرت. ئەم سێ هونەرمەندە لە سێ ساڵی رابردوودا، یەک لە دوای یەک کۆچی دواییان کرد و بنەماڵە و هەڤاڵانیان لە تەنیاییدا هێشتەوە.هەروەها خەڵاتی “تەها کەریمی” و بە رێزگرتن لەم سینەماکارە کوردە، لە لایەن بنەماڵەی ئەم فیلمسازە ، بە “شەماڵ عەبە ڕەش” ئەکتەری سینەما بەخشرا.