لە ئەنجامی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی مەریوان سەبارەت بە خراپیی دۆخی جادەکانی ئەو ناوچەیە، ژمارەیەکی بەرچاو لە خۆپێشاندەران دەستبەسەر کراون کە ناسنامەی چوار کەس لەوان بۆ کوردستان و کورد روون بۆتەوە.
بە پێی سەرچاوەکانی ناوەندی هەواڵی کوردستان و کورد هەر یەک لە بەهرە عارفی شێخ ، سەیران خورنکا، رۆژین رەزایی و ئارتین حەسەنزادە لە ناو دەستبەسەرکراوەکان دان.
رۆژانی ١٤ و ١٥ی رەزبەر خەڵکی مەریوان دژ بە پێڕانەگەیشتن بە رێگاوبانەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامی، بە تایبەت خراپیی جادەکانی نێوان مەریوان سنە و مەریوان – سەقز دەستیان دایە ناڕەزایەتیی و خۆپێشاندان. ئەوەش دوای کوژران و برینداربوونی نیزیک بە ١٥ کەس لە ئەنجامی پێکدادانی ماشێنێکی تانکێر هەڵگر لە گەڵ چەند ماشێنی دیکە بوو.
دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی وێڕای دانی وادە و بەڵێنی بۆ چاک کردنی جادەکان، ژمارەیەکی بەرچاو لە خۆپێشاندەران و چالاکانی شاری مەریوانیان دەستبەسەر و بۆ زیندان و گرتوخانەکان گواستۆتەوە.