کۆمپانیای بەرهەم هێنەری فڕۆکەی بویینگ کە بە یەکێک لە گەورەترین و زەبەلاحترین کۆمپانیاکانی بواری بەرهەمێنانی فرۆکە دێتە ئەژمار، ئاشكرای کرد کە سەرەڕای واژوو کردنی ڕێکەوتننامەی کڕینی ١٠٠ فڕۆکەی نەفەرهەڵگر لەگەڵ ئێران، بەڵام ڕادەست کردنی ئەو فڕۆکانە تا سێ ساڵی دیکە مەیسەر نابێ.
دەنیس مۆلێنبۆرگی سەرۆکی کۆمپانیای بویینگ لە وتووێژێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی بی بی سی ڕایگەیاند کە لە ئەمساڵدا هیچ فرۆکەیەک نادرێ بە ئێران. مۆلێنبۆرگ وتی: داخوازی کڕینی فڕۆکە لە لایەن ئێرانەوە، لە ڕیزی ئەو داخوازیانە دایە لە لە ساڵێکەوە هەتا سێ ساڵ کاتیان پێویستە. نزیکەی ٩ مانگ لەمەوبەر ڕێکەوتننامەیەک لە نێوان دوو شیرکەتی گەورەی ئێراباس و بۆیینگی ئەمریکایی و وەزارەتی بازرگانی ئێراندا بۆ کڕنینی زیاتر لە ١٢٥ فڕۆکەی نەفەرهەڵگر واژۆ کرا و تەنانەت وەزارەتی دادی ئەمریکا کە چاوەدێری سزا سەپێندراوە نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران دەکات، ڕەزامەندی خۆی لە سەر ئەو ڕێکەوتنە نیشان دا، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدا بێ هیچ هەنگاوێکی بە کردەوە بۆ رادەست کردنی ئەو و فڕۆکانە لە لایەن بۆیینگ و ئێرباسەوە هەڵ نەهێندراوەتەوە.
شارەزایانی بواری کاروباری ئێران لەو بڕوایە دان کە ئەو مامەڵەیە یان ناگاتە ئەنجام یان ئەگەر بیشکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، لەوانەیە لە سەر چەند فرۆکەیەک ساخ بێتەوە. چونکا سەرەرای رەزامەندی وەزارەتی دادی ئەمریکا، بەڵام هێشتا چەندین کێشەی دیکە لە بەردەم ئێراندا ماوەن کە دەبێ ڕێگەچارەی گونجاویان بۆ بدۆزێتەوە، کە لە هەموویان گرینگتر دابین کردنی بڕی ئەو پولە زۆرەیە کە بۆ کڕینی ئەو فرۆکانە دەبێ ئێران بە دەستی بێنێ و خۆی لە ٥٠ میلیارد دۆلار دەدات.