دوای ئەوەی کە هیزە دەریاییەکانی میرنشینی سعوودی ڕۆژی سێشەممە ١٣ی ڕەزبەر مانۆرێکی سەربازییان لە ئاوەکانی کەنداو فارس دەستپێکرد، ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی ڕەزبەر، فەرماندەیی هێزە دەریاییەکانی سپاسی پاسدرانی ڕژیمی ئیسلامی ئێران، بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک، هۆشداری دایە حکومەتی عەرەبستان کە خۆیان لە سنوورە دەریاییەکانی ئێران دوور بگرن.
لەو بەیاننامەیە دا هاتووە: ئێمە لەو بڕوایە داین کە ئەو مانۆڕە دەریاییەی عەرەبستان، بۆ نانەوەی ئاژاوە و ئاڵۆز کردنی ئاوە نیودەوڵەتییەکانی نێوان دوو وڵاتە و ئێمە ڕێگە نادەین کە هیزی دەریایی هیچ وڵاتێک سنوورە ئاوییەکانمان ببەزێنێ.
سەرلە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ڕاگەیاندنەکانی ئێران بڵاویان کردەوە کە قایخە شەڕکەرەکانی ئێران، هۆشدارییان داوەتە قایخە سەربازییەکانی عەرەبستان کە بە هیچ شێوەیەک نەچنە ناو ئاوی ئێرانەوە.
کاربەدەستانی ئێران ماوەیەکە دەستیان داوەتە هەڕەشە و گوڕەشە لە دەوڵەتی سعوودیا و وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە و بە گوێ لە مست و بەکرێگیراوی ئەمریکا ناویان دەبەن و شارەزایانی سیاسی لەو بڕوایە دان کە ئێران بە دوای بیانوویەک دا دەگەڕێ بۆ هەڵگیرساندنی شەڕێکی نوێ لە ناوچەکە دا.