ته‌مه‌نی پتر هه‌ڵکشا. جیا له قادر، ئه‌وجار سمایلیش بوو به دۆستی گیانی به گیانی ئه‌و. هه‌رسێک خاوه‌ن شێوازی ئاخاوتنی هاوشێوه، ته‌واو شنۆییانه. دوو وێژه هه‌رده‌م له رسته‌کانی گفتوگۆیاندا به‌دیده‌کرا: هه‌تی، گۆتم.
ئینقلابی ئێران شای رووخاند و ده‌سه‌ڵاتی شاره‌کان که‌وته ده‌ست خه‌ڵک. له‌و نێوه‌دا سمایل مهولوودنیژاد چه‌کی پێشمه‌رگایه‌تی هه‌ڵگرت.
• هه‌تی سمایل، گۆتم ئه‌و تفه‌نگه‌ت له کێنده‌رێ هینایه؟
• هه‌تی شه‌هاب، مه‌گه‌ر نازانی بوویتمه پێشمه‌رگه.
که شه‌ڕی نه‌غه‌ده ده‌ستی پێ‌کرد، سمایل خێرا به‌ره‌و به‌ره‌کانی شه‌ڕ چوو. له‌وێ شه‌هید بوو و جه‌نازه‌ی هاته‌وه. شه‌هاب له هه‌موو که‌س پتر رووخا. ته‌نیا قادری شوان مابوو، دڵی پێخۆش بێ.
زۆری نه‌خایاند قادریش ده‌ستی له شوانییه‌تی هه‌ڵگرت و چه‌کی پێشمه‌رگایه‌تی له شان کرد.
ئێواره‌یه‌ک تووشی هه‌ڤدوو ده‌بن.
• شه‌هاب، گۆتم سبه‌ینێ به‌ره‌و ره‌زاییه(ورمێ) ده‌چین، وه‌خته‌کی هاتمه‌وه خه‌به‌ری خۆشت بۆ دینم.
• هه‌تی قادر، ئاگات له‌خۆت بی… چاک تفه‌نگ باوێی. ئه‌و نارنجۆکهش له‌وێ بتهقینه. ده‌ستی بۆ نارنجه‌کی نێوقه‌دی قادر راداشتبوو.
سێ رۆژ دواتر هه‌واڵی شه‌هید بوونی قادر و کۆمه‌ڵێک پێشمه‌رگه گه‌یشته‌وه شاری شنۆ. جیهانی رۆ‌ئیایی شه‌هاب دیسان شێوا. دوو برینی به‌ژان روح و جه‌سته‌یان ئازار ده‌دا.
سێپتامبری 1981، خۆرهه‌ڵاتی کوردستان سه‌ره‌ڕای گشت نه‌هامه‌تییه‌کانی، ئه‌وه‌نده خاکه ئازادکراوه‌ی ژێرده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه‌ش که هه‌یبوو، که‌وته‌به‌ر په‌لاماری هێزه‌کانی کۆماری ئیسلامی و جاشه‌کانی خۆماڵی و هاورده. دوایین مانگی هاوین، له ئێواره‌یه‌کی خه‌ماویدا شاری شنۆش دوای بۆکان داگیر کرا. خامۆشی ناوچه‌ی شنۆی داگرت. ئێمه‌ش له ناوچه‌ی لاجان گیرساینه‌وه و بنکه‌کانمان دامه‌زراند. ته‌نیا هومێدمان ئه‌وجار پتر به شۆڕشگێڕانی نێوخۆ بوو. هێزه‌کانی پیشمه‌رگه، ته‌شکیلات و شانه نهێنییه‌کان پێویست بوو دووباره رێکبخرێنه‌وه. بنکه‌ی کۆمیته‌ی شارستانی شنۆ له گوندی شاوهلێڕا گوێزرایه‌وه بۆ دێی کانیباخ له‌سه‌ر رێگای مه‌هاباد – پیرانشار. له جێگای حوسێن مه‌ده‌نی، به‌رپرسایه‌تی کۆمیته‌ی شارستان راده‌ستی ره‌حیم محه‌ممه‌دزاده کرا.
یه‌که‌م جهولهم سه‌ردانی شار و ساغکردنه‌وه‌ی شانه نهێنییه‌کان بوو. شانه‌ی ”قوڵتی هه‌ڵمین” کاراترینیان. شه‌هاب به‌ناوی نهێنی ”شێتۆ” و ئۆمه‌ری به‌رپرسیشیان به‌ناوی ”باخچه”. به‌همه‌ن و سوله‌یمان و مارفائاغا و ره‌حمان، ئه‌وانیش ئه‌ندامی چالاک.
شێتۆ وه‌کوو هه‌میشه هه‌دادانی نه‌بوو. ئه‌و ئیتر جیا له ئه‌رکه پێئه‌سپێردراوه‌کان، چاوساغیی پێشمه‌رگه‌کانیشی وه‌ستۆی خۆی گرتبوو. سه‌رلک و سه‌رپه‌له‌کان، زۆربه‌یان ده‌یانناسی. سه‌ید له‌تیف، قاسم، برایم باشوو و که‌ریم شاشان و سه‌ید عه‌لی و چهندێکیتر.
شێتۆی کۆڵنه‌ده‌ر، شه‌ده له‌سه‌ر، شه‌و و رۆژ چالاکی ده‌نواند. له یه‌کێک له دیداره‌کاندا، به‌و زاراوه‌ی شیرینی باسی فه‌رمانده‌یه‌کی جاشه هاورده‌کانی ده‌کرد:
• کوڕم من تۆ چاک ده‌ناسم. هه‌ست و شعوورت باش ده‌نرخێنم. ده‌شزانم تۆ و گه‌نجه‌کان له‌و شاره‌دا چیده‌که‌ن، هه‌ندێ له‌سه‌رخۆ بن، ئه‌و حکوومه‌ته بۆ گاڵته نابێ…
شێتۆ گوێی به‌و وردهئامۆژگارییانه نه‌ده‌بزووت.
ره‌حیم محه‌ممه‌دزاده، به‌رپرسی کۆمیته‌ی شارستان به‌پێی راپۆرته‌کان ئاگاداری هه‌موو هه‌ڵسووکه‌وته‌کانی ته‌شکیلاتی نێوشار ده‌کرا. زۆرجار داوای له من کرد چاوی به‌و شێتۆیه بکه‌وێ. تامه‌زرۆی دیتن و ناسینی ئه‌و بوو.
ئێواره‌یه‌کی ساردی زستان له گوندی کانیباخڕا به‌ره‌و ناوچه‌ی شنۆ وه‌ڕێکه‌وتین. دۆڵی بابه‌سه‌ن نوقمی به‌فر ببوو. گوندی قاڕنێمان ده‌رباز کرد. به‌ته‌نیشت پێگه‌ی دوژمن له‌سه‌ر چیای قهڵاتماراندا ئاودیو بووین و گه‌یشتینه ناوچه‌ی شنۆ. هێزه‌کانی پێشمه‌رگه خێرا ته‌واوی دێیه‌کانی ئه‌وبه‌ره‌ی رووباری گاده‌ریان تا نیزیک نه‌ڵۆس خسته ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان. کادره‌کانیش ده‌ستبه‌جێ به‌ره‌و شوێنی چالاکییه‌کانیان وه‌ڕێکه‌وتن.
له گوندی کۆنه‌قه‌ڵا چاوه‌ڕوانی هاتنی شێتۆ بووین. پاشنیوه‌ڕۆ شه‌هاب ده‌ستێک که‌واپاتۆڵی مرادخانی له‌به‌ر، لێمان وه‌ژوور که‌وت. وه‌کوو هه‌میشه شه‌ده‌ی له‌سه‌ر بوو. ره‌حیم نه‌یده‌ناسی.
• کاک ره‌حیم ئه‌وه‌ش شێتۆ که ئه‌و هه‌مووه ئاره‌زووی دیداریت ده‌کرد.
شه‌هاب و ره‌حیم ته‌نیا چاره‌گه سه‌عاتێک یه‌کتریان بینی. شێتۆم به‌ڕێکرده‌وه.
• عه‌لی گیان، ئه‌و شێتۆیه به‌ڕاستی له‌به‌ردڵانه. هه‌ست ده‌که‌م مرۆڤێکی ئازا، به‌وره و نیشتمانپه‌روه‌ره. هیچ ده‌زانی پشتیوان و برایه‌کت به من ناساند.
• کاکه گیان، جارێ چیت دیتووه. به‌ڕاستی ئێمه گیانێکمان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بوێری شه‌هاب. ئه‌وانی دیکه‌ش له شانه‌ی قوڵتی ههڵمیندا به‌ڕاستی هه‌ریه‌که و ئوستووره‌یه‌ک له خۆڕاگرین. ئه‌وه ئۆمه‌ر(باخچه)، ئه‌وه به‌همه‌ن و ره‌حمان و مارفاغا و سوله‌یمان. ئه‌گه‌ر ئه‌وانه نه‌بن ئێمه هیچمان بۆ ناکرێ.
هێرشه‌کانی رێژیم چڕتر ببوون. ئێمه‌ش ناچار بووین بنکه‌کانمان بگوێزینه‌وه بۆ ناوچه‌ی سه‌رشاخان و له گوندی بابه‌کراوێ نیشته‌جێ بین. له‌نێو شار سه‌ره‌ڕای گیرانی به‌شێکی زۆر له ئه‌ندامانی حیزب، به‌و حاڵه‌ش چالاکیی شانه نهێنییه‌کان پتر له پێشوو بوون و ئه‌و بۆشاییه‌یان پڕکردبۆوه.
هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی مه‌جلیسی شووڕای ئیسلامی له‌پێش بوو. پێویست بوو چه‌ند عه‌مه‌لیاتێک جێبه‌جێ بکرێن. هێزی پێشمه‌رگه دووباره له گونده‌کانی هه‌ردوو به‌ری چۆمی گاده‌ر دامه‌زران. به‌شی یه‌که‌می چالاکییه‌کان بۆ نێو شار داندرابوون. دوو رۆژ پێشتر خۆم ده‌نێو شار کێشا. ئه‌ندامانی حیزب وه‌کوو هه‌میشه ته‌واوی پلانه‌کانیان یه‌ک به‌دوای یه‌کدا جێبه‌جێ کرد. ئه‌ندامانی شانه‌ی قوڵتی هه‌ڵمین له هه‌رسێ پلانی نێو شاردا سه‌رقافڵه‌ی بوێری بوون. شه‌هاب و به‌همه‌ن و ئۆمه‌ر نه‌خشی سه‌ره‌کیان گێڕا. نیوه‌ڕۆی رۆژی هه‌ڵبژاردن له دێشه‌مس و قه‌ره‌سه‌قه‌ل ده‌یان چه‌ک که‌وته ده‌ست پێشمه‌رگه. سه‌رکه‌وتنێکی مێژوویی تۆمارکرا. شار و دێ و چیا ده‌ستیان وێکدا.
چه‌ند مانگ تێپه‌ڕی. ره‌وتی ئاڵوگۆڕه‌کان خێرا بوو. به‌همه‌ن ئیمکانی مانه‌وه‌ی پتری له‌نێو شاردا نه‌ما و هاته‌ده‌ر و چه‌کی پێشمه‌رگایه‌تی له شان کرد. سوله‌یمان، ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه له‌گه‌ڵ زیبا هاتنه‌ده‌ر. ئۆمه‌ر و شه‌هاب(باخچه و شێتۆ) مابوونه‌وه. مارفاغا رووی له شاری ورمێ کرد و دواتر له بنکه‌ی گۆڤاری سروه دامه‌زرا.
مانگی دیفاع له ئازادی ده‌ستی پێ‌کرد. رژێم به هه‌موو هێزییه‌وه په‌لاماری پاشماوه‌ی ناوچه ئازادکراوه‌کانی دا. به‌همه‌ن بامڕووهت، خۆشه‌ویستی هه‌موومان له چیاکانی سه‌رده‌شت شه‌هید بوو. ئه‌و له‌گه‌ڵ لکێکی هێزی کێله‌شین بۆ پاراستنی ئه‌و ناوچه‌یه چووبوو. فه‌تره‌یه‌ک دواتر له گوندی بابهکراوێی ناوچه‌ی سه‌رشاخان کۆنفڕانسی کۆمیته‌ی شارستان و هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ر بۆ کۆنگره گیرا. دوای ئه‌و کۆنفڕانسه من چوومه بنکه‌ی فرستهندهی رادیۆ ده‌نگی کوردستان له گه‌وره‌دێ.
• کاک ڕه‌حیم ماڵاواییت لێده‌که‌م و لێتتان دوور ده‌که‌ومه‌وه. به‌و زووانه ئۆمه‌ر و شه‌هاب دێنه‌ده‌ر. رێزیان لێنێ، که‌سانی بهوهجن. ئه‌وان ئه‌رکی نیشتمانی خۆیان به زیادتریشهوه به‌جێگه‌یاندووه…
• دڵنیابه که‌سی برا.
دوای رۆیشتنم، شه‌هاب کۆڵه‌پشتی له‌پشت، خۆی گه‌یاندبووه سه‌رشاخان و به‌دوای ئه‌ویشدا ئۆمه‌ری خۆشه‌ویست. شه‌هاب هه‌رچه‌ند له بنه‌ماڵه‌یه‌کی ده‌ستڕۆیشتوودا، به ناز و نیعمه‌ته‌وه گه‌وره ببوو، به‌ڵام خێرا خۆی له‌گه‌ڵ ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی و شاخ رێکخست. خێرا پته‌وترین دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ ره‌حیم دامه‌زراند. هه‌م پێشمه‌رگه‌ی نیزامی بوو و هه‌م کادرێکی لێهاتووی ته‌شکیلاتی. هاوینی 1985، له ده‌وری دووهه‌می سازمانده‌هی هێز و کۆمیته‌ی شارستان، گه‌لێک چالاکی نواندبوو. دواتر، له‌به‌ر کارلێهاتوویی وه‌کوو جێگری لکی کوردنیژاد دیاری‌کرا.
ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌فته‌ری سیاسی له گه‌وره‌دێ بوو. شه‌هاب له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک له پێشمه‌رگه‌کانی هێزی کێله‌شین به مه‌بستی پاراستنی ده‌فته‌ر هاتبووه ئه‌وێ. دوای ماویه‌کی زۆر له یه‌کتر دابڕان و ئاخر دیدارمان له شاری شنۆ، ئه‌وه یه‌که‌م چاوپێکه‌وتنی دووباره‌مان بوو. چه‌ند جارێک له‌گه‌ڵ شه‌هاب و خه‌جیج مه‌عزووری و خالید عه‌زیزی و زیبا سه‌روه‌ری له ده‌وری یه‌کتر کۆبووینه‌وه. من هه‌میشه له چاره‌نووسی شه‌هاب نیگه‌ران بووم. ده‌مزانی شێتۆی من خۆی به ئاو و ئاگردا ده‌دا. راوێژێکم له‌گه‌ڵ دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی کرد. ئه‌وکاته به‌رپرسی راگه‌یاندنی حیزب بوو. پێشنیارم پێ‌کرد، ئیزن نه‌دا شه‌هاب بگه‌ڕێته‌وه کۆمیته‌ی شارستانی شنۆ و هێزی کێله‌شین، بینێرێته بنکه‌ی فرستهندهی رادیۆ بهمهسڵهحهتتره. دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی پێشنیاره‌که‌ی منی پێ گونجاو بوو و په‌سندیکرد.
• شه‌هاب گیان، ئه‌گه‌ر داوایه‌کت لێبکه‌م، به‌قسه‌ی برای خۆت ده‌که‌ی؟
• هه‌تی گۆتم با ئه‌وه‌ڵ بزانم چییه.
• له‌سه‌ر پێشنیاری من و په‌سندی دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی، بهمهسڵهحهته نه‌گه‌ڕێیه‌وه کۆمیته‌ی شنۆ و له رادیۆ ده‌ستبه‌کار بکه‌ی.
له‌جێوه هه‌ڵبه‌زییه‌وه. ده‌تگوت زوڵمێکی گه‌وره‌ی لێ ده‌کرێ. نه‌ختێک ده‌فکره‌وه رۆچوو و له‌نه‌کاو قاقایه‌کی لێدا.
• هه‌تی ئه‌من چلۆن دێمه رادیۆ. ئه‌من گۆتم ده‌بی شه‌ڕ بکه‌م. ئه‌من ده‌بی له‌گه‌ڵ قادر میرزایی و قاسم عه‌زیزی و سه‌دیق رۆستهمنیژاد بچم پایه‌گای بگرم… ئه‌دی… گۆتم ههردهچمهوه….
شه‌هاب گه‌ڕاوه بۆ کۆمیته‌ی شارستانی شنۆ. له‌و ماوه‌یه‌دا ئۆمه‌ریش له‌به‌ر بارودۆخی ناله‌باری ژن و منداڵه‌کانی ناچار ببوو گه‌ڕابۆوه شاری شنۆ و کونجی ته‌نیایی و خه‌فه‌تی هه‌ڵبژاردبوو. ره‌حمانیش له ژاراوه‌ی باشووری کوردستان ژیانێکی ئه‌وتۆی نه‌بوو و هێزه‌کانی ئه‌منیی عێراق گشت رۆژێ به‌ربینگیان پێده‌گرت. ئه‌ویش له رووی ناچاری گه‌ڕابۆوه شار. سوله‌یمانیش بۆ هه‌میشه ئاواره‌ی هه‌نده‌ران بوو.
به‌هاری 1986، رێژێمی کۆماری ئیسلامی وه‌ته‌نگ دێ و شه‌و و رۆژ خه‌ریکی دامه‌زراندنی پێگه و بنکه‌ی نیزامی و دروستکردنی جاده‌ی ئه‌منی له‌سه‌ر سنوور ده‌بێ. جاده‌ی به‌ره‌و دۆڵی بێمزورتێ و ده‌ڤه‌ری نازدارداغی لێده‌دا و بۆ پاراستنیشی کۆمه‌ڵێک جاش و پاسدار ته‌رخان ده‌کا. پێشمه‌رگه‌کانی هێزی کێله‌شین به رێگای خواکورکدا به‌ره‌و شنۆ وه‌ڕێ ده‌که‌ون. له‌سه‌ر چاوه‌ی گه‌ڵی گاده‌ران داده‌مه‌زرێن. کۆمه‌ڵێک جه‌وله‌ی سیاسیـ نیزامیی نوێ جێبه‌جێ ده‌که‌ن. سه‌رکه‌وتنه‌کانیان سنووری باوه‌ڕی مرۆڤ ده‌بڕن. له‌خۆبوورده‌یی هێزی کێله‌شین ده‌بێته سه‌رتیتری هه‌واڵه‌کانی رادیۆ ده‌نگی کوردستان. لاپه‌ڕه‌یه‌کی نوێ له مێژووی حیزبی دێموکرات‌دا ده‌نووسرێ.
پێشمه‌رگه‌کان شوناسایی هه‌موو ئه‌و بنکه و پێگه نوێیانه‌ی دوژمن ده‌که‌ن. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له نازدارداغی کۆده‌بنه‌وه و پلانی په‌لاماردان بۆ سه‌ر هێزه‌کانی دوژمن داده‌ڕێژن، به چه‌شنێک که سه‌رکه‌وتنه‌کان که‌موێنه بن. له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێک رێککدهکهون:
1_ به‌پێچه‌وانه‌ی شێوازی پێشوو، ئه‌وجار پێویست بوو کاتژمێر پێنجی سه‌رله‌به‌یانی په‌لامار ده‌ست پێبکه‌ن، بۆوه‌ی دوژمن غافڵگیر بێ، چونکه هه‌میشه پێی وابووه پێشمه‌رگه ته‌نیا به‌شه‌و هێرش ده‌کا.
2_ هه‌ر لک و په‌لێک شوێنی دیاری خۆی هه‌بێ.
3_ لکی کوردنیژاد، ده‌ستپێکه‌ری هێرش بێ.
کاتژمێر دووی نیوه‌شه‌و، پێشمه‌رگه به‌ره‌و شوێنه پێئه‌سپێردراوه‌کان وه‌ڕی ده‌که‌ون. به‌رله سه‌عات پێنج هه‌موویان داده‌مه‌زرێن. راست ئه‌و کاتژمێره، به‌شی فه‌رمانده‌یی له‌سه‌ر لووتکه‌ی چیاوه فه‌رمانی په‌لامار ده‌دا. زۆر ناخایه‌نێ سهنهگهرهکانی دوژمن یه‌ک به‌دوای یه‌کدا ده‌گیرێن و ته‌نیا 45 خوله‌ک تێده‌په‌ڕێ 7 پایه‌گای دوژمن ده‌که‌ونه ژێر ده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه.
دوایین ساته‌کانی ته‌واو بوونی ئه‌و عه‌مه‌لیاته، شڵه‌ژانێک به‌دی ده‌کرێ. ره‌حیم محه‌ممه‌دزاده به نیگه‌رانییه‌وه به بێسیمه‌که‌ی ده‌پرسێ:
• ئه‌لۆ، عادل…
• فه‌رموو گوێم لێته.
• چ باسه، شڵه‌ژانێک به‌دی ده‌کرێ.
کاکه، سه‌دیق… حاته‌م. (حاته‌م فه‌رمانده‌ی پێشووی هێزی نحۆ له ناوچه‌ی ورمێ بوو و چه‌ند ساڵێک پێشتر له ده‌ڤه‌ری شنۆ شه‌هید ببوو).
ره‌حیم و هاوڕێیانی تێده‌گه‌ن که سه‌دیق رۆستهمنیژاد شه‌هید بووه.
• عادل له‌سه‌ر خه‌تم. تکایه به پێشمه‌رگه‌کان بڵێ خۆیان له کۆکردنه‌وه‌ی ده‌سکه‌وت بپارێزن.
عادل ئه‌وجار ده‌نگی ته‌واوێک ده‌شڵه‌ژێ. ده‌یویست شتێک بڵێ و نه‌یده‌توانی و تاسابوو.
• عادل چ قه‌وماوه، ده‌نگت نییه. نیگه‌رانین.
• نازام چی بڵێم…. ش … ش… ش … شه‌هاب
• ده‌بڵێ بزانم شه‌هاب چی لێهاتووه؟
• شه‌هابیش حاته‌م.
خه‌مێکی قووڵ جه‌سته‌ی ره‌حیم و فه‌رمانده‌کان داده‌گرێ. دوو که‌س له به‌وه‌جترین پێشمه‌رگه‌کان، شه‌هاب سهییادیفهڕ و سه‌دیق رۆستهمنیژاد شه‌هید ده‌بن. عه‌مه‌لیاته‌کان ته‌واو و پێشمه‌رگه‌کان جه‌نازه له‌سه‌ر شان به‌ره‌و لووتکه‌ی فه‌رمانده‌یی داوێنی چیا ده‌گرنه‌به‌ر و هه‌ڵده‌کشێن. کاتێک ده‌گه‌نه‌وه کێوێک خه‌م و په‌ژاره له‌گه‌ڵ خۆیان دێننه‌وه. ره‌حیم یادگارییه‌کانی شه‌هاب هه‌ڵده‌گرێ: سه‌عاتی ده‌ستی، کارتی پێشمه‌رگایه‌تی و وێنه‌ی خۆشه‌ویسته‌که‌ی شه‌هاب. کادری ده‌رمانی برینه‌کانی جه‌سته‌ی که‌ریم محه‌ممه‌دزاده (ناسراو به خولخووله) ده‌پێچێت. که‌ریم ده‌نگی وه‌ی لێنایه.
• ئه‌رێ کاکی برا تۆ که شانت برینداره و گولـله که‌وانه‌ی کردووه و شێویلکهی خوارهوهتی ته‌واو تێکشکاندووه، هه‌ر ناڵێی ئاخ.. وه‌ی… ئۆف. قادر فه‌تحی لێی ده‌پرسێ.
که‌ریم له‌به‌ر برینی زاری هیچ وڵامێک ناداته‌وه.
• کاک قادر، ده‌کرێ بڵێی کوێ له‌شی که‌ریم ساغ ماوه. خۆ ئه‌و بێچاره‌یه له شه‌ڕه‌کانی پێشووشدا هیچ شوێنێکی جه‌سته‌ی نه‌ماوه کون‌کون نه‌بووبێ. باوه‌ڕ بکه میژووی جوڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازی کوردستان به‌قه‌را ئه‌و چیایه‌ی رووبه‌ڕوومان به که‌ریم دهینداره.
گشتیان وه‌ڕێ ده‌که‌ون. دوژمن 98 که‌س کوژراوی ده‌بێ و کارته‌کانیان ده‌که‌وێته ده‌ست پێشمه‌رگه‌کان. وه‌ک دواتر باسکرا ته‌نیا یه‌ک که‌سیان نه‌جاتی هاتبوو.
کاروانێکی دووردرێژی شۆڕشگێران له‌و ساڵانه‌دا سه‌ریان نایه‌وه یان له هه‌ژاریدا به‌ده‌م خه‌م و حه‌سڕه‌ته‌وه ماڵاواییان کرد. شانه‌ی نهێنی قوڵتی هه‌ڵمین به‌داخه‌وه پشکی شێری به‌رکه‌وت. تۆ بڵێی رۆژێک له رۆژان، جیلی نوێ سه‌یری وێنه‌کانی به‌همه‌ن بامڕووهت، شه‌هاب سهییادیفهڕ، مارفئاغایی یا عومه‌ر پردئابادی و سه‌دیق رۆستهمنیژاد و قاسم عه‌زیزی و که‌ریم خولخوله و زۆرانی دیکه بکا، بڵێی به‌سه‌رهاتی سه‌ید له‌تیف و که‌ریم شاشان و زۆرانی‌تر بخوێنێته‌وه و چه‌شنی ئه‌وان به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی تاکه‌که‌سی، له خه‌می رزگاری نیشتماندا بێ؟!
عه‌لی فه‌تحی
لە ژماره ٦٨٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه