سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی ١٩ لاپەرەیی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران دژ بە مافەکانی مرۆڤ بڵاو کردووەتەوە.
ئەو ڕاپۆرتە کە ڕۆژی ٦ی سێپتامبر ” یەک مانگ لەمەوپێش” ئامادە کرابوو، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٤ی ئۆکتۆبر بە شێوەی رەسمی بۆ ڕای گشتی بڵاو کرایەوە.
لەو ڕاپۆرتە دا سکرتێری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، نیگەرانی قووڵی خۆی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و چوونە سەری ڕێژەی ئێعدامەکان لە ئێران دەربڕیوە و ناڕەزایەتی توندی خۆی سەبارەت بە گرتن و دەستبەسەر کردنی خەڵکی سڤیل و بێتاوان و بێ بەڵگەی دادەوەر و دادگاییە ناعادڵانەو بە پەلەکان ، نیشان داوە.
لەو ڕاپۆرتە دا بۆ جارێکی دیکە ئاماژە بە پێشێلکاری مافی کەمەنەتەوەیی و ئایینییەکان بە تایبەت ئەو زوڵم و زۆرانە کراوە کە دژ بە بەهایییەکان بە شێوەیەکی سیستەماتیک و بەرنامە بۆ داڕێژێراو پێڕەو دەکرێ.
هەرچەندە ئەوە جاری یەکەم نیە ڕژیمی ئیسلامیی ئێران لە سەر پێشێلکاری دژ بە مافەکانی مرۆڤ و مەحکووم و سەرکۆنە دەکرێ و تەنانەت چەندین بڕیارنامەی ڕەسمی لە کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوەیە کگرتووەکاندا دژ بەو ڕژیمە پەسند کراوە، بەڵام تاکوو ئێستا هیچ هەنگاوێکی بە کردەوە بۆ پێ مل کردنی کاربەدەستانی ئێران بۆ ڕێزگرتن لە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان، لە لایەن نە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و نە لە لایەن کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتییەوە هەڵ نەهێندراوەتەوە