بە ئامادەبوونی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، یەکەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی” لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد.
کاتژمێر 7ی ئێوارێی رۆژیی شەممە ١ی ڕەزبەر بە بەشداری چەندین کەسایەتیی هونەری وسیاسی و هونەرمەندانی ناسراو جیهان لە بورای سینەما فستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی”سلێمانی” لە هۆڵی کۆنگرەی زانکۆی شاری سلیمانی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
سەرەتا “شوان عەتووف” یەکێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی سینەما و شانۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە وتەکانی خۆیی بووە کەسایەتیی دەسپێکی ڕێوڕەسمی کردنەوەی یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی” لە هۆڵی کۆنگرەی زانکۆی ئم شارە و لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی: ئەم فیستیڤاڵە ئێمە لەگەڵ خۆی بۆ ڕوانینێکی بەربڵاوتر دەبات کە لەسەر بنەمای “سینەما و شوناس” بونیادنراوە کە یەکەمین خولی ئەمڕۆ لە شۆنێکی ئاکادیمیا دەستپێدەکات و قسەی زۆریی بۆ ئاسۆکانی سبەی و داهاتوو و خولەکانی دواتری خۆی پێیە.
لە یەکەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی”دا بەرهەمی وڵاتانی فەڕەنسا، ئێران، تورکیا، فینلەندا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، فەلەستین، بڕازیل، یۆنان، کەنەدا، ئاڕژانتین، چین، ئەمەریکا، سوید، سلۆڤانیا، ئیرلەندا، عێراق، رووسیا، ئیسپانیا، ژاپۆن، بەلژیکا، ئیتاڵیا، نۆڕوێژ، پورتوگال، هیندستان و هەرێمی کوردستان بەشدارن.
یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سلێمانی” لە لایەن کۆمپانیای سینەمایی “مەستی فیلم” بە بەڕێوەبەرایەتی “فوئاد جەلال” و بە بەڕێوەبەریی هونەریی “دانەر عومەر” و بە پێشکەشکردنی خەڵاتی “تەها کەریمی” و بە رێزگرتن لەم سینەماکارە کوردە، بە نمایشی ٥٢ فیلمی بڵیندی سینەمایی و کورتە فیلم لە سینەماکارانی زیاتر لە ٣٠ وڵاتی جیهان لە بەشە جوۆراوجۆرەکانی فیلمە بڵیند سینەمایی و کورتە فیلمەکان لە دوو بەشی پێشبڕکێی “سینەمای جیهان” و “سینەمای کوردی” و هەروەها کردنەوەی ڤۆرکشۆپی پسپۆڕانەی سینەمایی و چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەی زانستی و ئاکادیمیک لە رۆژانی ١ تا ٤ی ڕەزبەری ٩٥ لە زانکۆی شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.