له ماوه‌ی یه‌ك ساڵی ڕابردوودا به هۆی ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ له ئێران ١٦هه‌زار و ٥٠٠ كوژراون و ٣١٣ هه‌زار بریندار و كه‌مئه‌ندامی لێكه‌وتۆته‌وه كه ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕێژه‌یه به‌سه‌ر ڕۆژه‌كانی ساڵدا دابه‌ش بكه‌ین ڕه‌قه‌می ٢/٤٥ به‌ده‌ست دێنین یانی ڕۆژانه له ئاستی ئێران‌دا زیاتر له ٤٥ كه‌س به هۆی ڕووداوی هاتوچۆوه گیانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. شوێنه‌واری ڕووحی و ڕه‌وانیی ئه‌م ڕووداوانه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بنه‌ماڵه و كۆمه‌ڵگه‌ش ده‌بێ.
به‌پێی ڕاپۆرتی هێرانا، سه‌ردار مووسا ئه‌میری، جێگره‌وه‌ی سه‌رۆكی پۆلیسی ڕاهوری هێزه ئینتزامیی كۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌ڵێ: ئه‌گه‌رچی له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا كۆمه‌ڵێك كار و چالاكییمان بۆ پێش‌گرتن به ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ كردوه به‌ڵام ڕێژه‌ی قوربانیانی ئه‌م ڕووداوانه هێشتا ڕوو له به‌رزبوونه‌وه دایه كه ئه‌مه‌ش بۆ بارودۆخی قه‌یراناویی شۆفیره‌كانیش ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ناوبراو گوتی: ئاماره‌كان ئه‌مه ده‌رده‌خه‌ن كه له ئاستی جیهاندا به هه‌ر ١٠ هه‌زار ماشێن نزیك ٩كه‌س ده‌بنه قوربانی، ئه‌مه له حاڵێكدایه كه له ئێران به هه‌مان ڕێژه ماشێن ٣٧ كه‌س ده‌كوژرێن. ئه‌گه‌ر نێونجیی ١٥ تا ١٨ هه‌زار كوژراو به هۆی ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ له ماوه‌ی یه‌ك ساڵ له‌گه‌ڵ نێونجیی ٣٠٠ هه‌زار بریندار له‌به‌ر چاو بگرین، یانی هه‌موو ساڵێ بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی قورس له ئێرانی داوه و كوژران و برینداری لێكه‌وتۆته‌وه. هه‌روه‌ها قوربانیانی جاده‌كانی ئێران چی له قوربانیانی شه‌ڕ كه‌متر نییه.
شایانی باسه كه له ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕووداوه‌كانی هاتوچۆ دووهه‌مین هۆكاری مردنی خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته‌یه.