رۆژی ٨ی ڕەزبەر بەشێکی بەرچاو لە کوردانی سەربە ئاینی یارسان لە پارێزگای کرماشان بە بۆنەی جێژنی مێهرەگان رێورەسمیکی بە شکۆیان بەڕێوە برد.
ئەم رێورەسمە کۆن و ئاینییە هەموو ساڵیک لە نێو کوردانی یارسان بەڕێوەدەچێ و کوردانی دیکەش بە روحی نەتەوەییە پێشوازی لێدەکەن.
ئەمساڵیش یارسانەکان سەرەڕای ئەو گوشارە کە لەلایەن دامودەزگاکانی حکوومەتەوە بەسەریانە وهەرجار بەجۆرێک بێ رێزییان پێدەکرێ، لە ساڵیادی جێژنی مێهرەگان بەشێوەیەکی بەربڵاو ئەم یادەیان کردەوە.
کوردانی یارسانی لە دەڤەری سەحەنەو دینەوەر،بە هاوشانی ژنان وپیاوان ولاوان بە ژەنینی تەموورەو چڕینی گۆرانی تایبەت بەم بۆنەوە، لە گوندی جەیحوون ئاوا ئاینی خۆیانیان بەرز ڕاگرت، کە بەجۆرێک پەرچەکردارە بەرانبەر بە پاوانخوازی ناوەند.
شایانی باسە بە پێی ئاینی یارسان ژنان بێ هیچ هەڵاواردنێک لە بۆنە فەرهەنگی وئەدەبی وهونەرییەکان دەتوانن بەشداری بکەن و ئاینی یارسان لەم بارەوە رێگرنیە.