به پێی ههواڵی گهیشتوو به کۆمیسیۆنی تهشکیلاتی حیزبی دیمۆکراتی کردستان ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٦ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، دایە “وەنەوشە ئەحمەدی “، هاوسەری کەسایەتی ناودار و خۆشناوی ناوچەی سابڵاغ کاک “عومەر خانی” دەوەشاری ” ئەمیری” و دایکی سێ تێکۆشەری ڕێگای ڕزگاری کوردستان، هاوڕێیان کاک ڕەحیم، کاک مستەفا و کاک خوسرەو ئەمیری، لە تەمەنی ٨٤ ساڵی دا لە شاری سابڵاغ کۆچی دوایی کرد
دڵسۆزی و نیشتمان پەروەری دایە وەنەوشە و کاک عومەر خان بووە هۆی ئەوەی کە ٣ کوڕی ئەو بنەماڵە وێکڕا تەڤلی شۆڕش بن و شان بدەنە ژیر باری قورسی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان. هاوڕێیان کاک ڕەحیم، کاک مستەفا و کاک خوسرەو ئەمیری، بە درێژایی ساڵانی خەباتی ئاشكرای حیزبی دیموکراتی کوردستان دژ بە ڕژیمی ئیسلامی ئێران، لە هیچ قارەمانەتی و فیداکارییەک بۆ گەلەکەیان درێغیان نەکرد و تاکوو ئێستاشی لەگەڵدا بێ لە تێکۆشان بەردەوامن. دایە وەنەوەشە مرۆڤێکی دڵسۆز، نیشتمان پەروەر و کورد خۆشەویست بوو. بە هۆی بوونی کوڕەکانی لە ڕێزەکانی حیزبی دیموکرات دا چەندین جار لە لایەن داودەزگای سەرکوتگەری ڕژیمی ئیسلامیی ئیرانەوە تووشی ئەشکەنجە و ئازار و لێپرسینەوە بووە. زۆر جار ڕێگەی بینین و چاوپێکەوتنی جگەرگۆشەکانی لێ قەدەغە کراوە، بەڵام ئەویش و کوڕەکانیشی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر لە سەر هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەیان سووربوون. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی مەرگی ئەو دایکە دڵسۆزە پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەس و کاری لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، بە تایبەت هاوڕێیان کاک ڕەحیم، کاک مستەفا و کاک خوسرەوی ئەمیری دهکا و خۆی به هاوخهمیان دهزانێ.