بەرەبەیانیی رۆژی شەممە ٣ی رەزبەر، زەنگی دەستپێکی ساڵێکی نوێ خوێندن لە قوتابخانەکانی ئێران و کوردستان لێ درا و زیاتر لە ١٢ ملیۆن منداڵ و مێرمنداڵ لەژێر چەتری کۆماری ئیسلامی و پەروەردە و فێرکردنی ئەو نیزامەدا روویان لە قوتابخانەکان کردەوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی بە ملیۆنان منداڵ و مێرمنداڵیش بەهۆی ئەو دۆخە نالەبارەی ئابووری کە کۆماری ئیسلامی پێکی هێناوە و داوێنگیری خەڵک بووە، لە خوێندن بێبەشن و نەبوونی بژیویی ژیان و تەنگدەستی و نالەباریی باری ئابووریی بنەماڵەکانیان وای کردووە بەجێی قوتابخانە، بەدەستفرۆشی لەسەر شەقام و چوارڕێ و پیشەی جۆراوجۆری نەگونجاو دەگەڵ تەمەن، شان بدەنە بەر کار و لەو دەرفەت و مافانە بێبەش بن کە وەک منداڵێک هەیانە و دەبێ هەیانبێ. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئەسڵی ٣٠ لە یاسای بنەڕەتیی ئێران کە دەستەڵاتداران کۆماری ئیسلامی خۆشیان دەنگیان پێ داوە و گونجاندوویانە، حکومەت ئەرکدارە کە هەتا قۆناغی دواناوەندی سەرجەم تێچووی خوێندنی منداڵان بە هەموو پێداویستییەکانەوە دابین بکات و هەلی خوێندنیان بۆ بڕەخسێنێ و چاوەدێرییان بکات و بیانپارێزێت، کەچی ئەوەی دەیبینین رێک پێچەوانەکەیەتی. جگە لەوەی کە هەر لە سەرەتاوە کە قوتابی لە قوتابخانە ناونووس دەکرێ دەبێ پارەیەک بابەتی ناونووسکردن لە لایان بنەماڵەی قوتابییەوە بدرێتە قوتابخانە، جاری واشه پێداویستییەکانی قوتابخانە و چاککردنەوە و تەنانەت کڕینی کاغەزی قوتابخانەش لە ئەستۆی بنەماڵەی قوتابیانە و ئەمەش یەکێک لەو هۆکارانەیە کە ساڵانە رێژەیەکی یەکجار زۆر لە منداڵان بە تایبەت لە پارێزگاکانی کوردستان، بە ناچاری واز لە خوێندن دێنن و بنەماڵەکانیان توانا دابینکردنی ئەو هەموو خەرجییانەیان نییە و لە خوێندەواری بێبەش دەبن. دەگەڵ ئەوەشدا، هەر دوابەدوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی، ناوەندەکانی خوێندنیش بوون بە گۆڕەپانی ململانێی دوو جۆر پەروەردە . هەموو هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوە بووە کە قوتابخانە و خوێندگاکان بخاتە ژێر ئیدئۆلۆژی و هێژمونی سیاسەتەکانی خۆیەوە و لە ناوەندێکی زانستییەوە بیانگۆڕێ بۆ ناوەندێکی ئایینی و پەروەردەیەکی مەزهەبی و رواڵەت و ناوەرۆکێکی دیکە بە ئاستی خوێندنگە و قوتابخانەکان ببەخشێت. بێگومان لەو راستایەشدا تا راددەیەکی بەرچاو لە هەوڵەکەیدا سەرکەوتوو بووە و ئەو خۆراکە دەرسییەی کە دەرخواردی ئەو جیلە لە کۆمەڵگە دەدرێت و منداڵانی پێ گۆش دەکرێن، زیاتر خۆراکێکی ئایینییە و لە خزمەت نیزامدایە و زۆربەی دەرگاکانی زانستی بەڕووی قوتابیاندا داخستووە و لە بازنەیەکی داخراوی ئایینیدا بەدوای ئامانج و مەبەستەکانی خۆیدا دەگەڕێ و بە کۆمەڵێک بابەتی ناپێویست و لاوەکی و گونجاندنیان لەناو کتێبە دەرسییەکاندا و کۆمەڵێک چەواشەکاریی بێ بنەما و مێژوویەکی دەستکرد بە قازانجی خۆ، لە هەوڵی پاوانکردن و دەستبەسەرداگرتنی مێشک و هزری ئەو منداڵانەدایە کە بە سەرمایە و ئومێدی دواڕۆژی کۆمەڵگا دێنە ئەژمار و چاوەڕوانییان لێ دەکرێ. کۆماری ئیسلامی و پەروەردە و فێرکردنەکەی بەجێی ئەوەی لە زاوییەی پێگەیشتن و تەیارکردن بە چەکی زانست و خۆگونجاندن لەگەڵ دنیای سەردەم بڕواننە منداڵان و دواڕۆژیان و رێخۆشکەر و یارمەتیدەر بن بۆ چوونەپێش و کاریگەرییان لەسەر پێشکەوتن و پێشخستنی کۆمەڵگا و چاوکراوەیی و داهێنان، بەجێی ئەوەی دەراوێکی روونیان بۆ بکەنەوە و دەستگیرۆییان بکەن و کارئاسانیان بۆ بکەن، هەر لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییەوە بێ ویستی خۆیان و بێ ئەوەی خۆیان بیانهەوێ و ئاگایان لێ بێ، بەرەو ئاقارێکیان پەلکێش دەکەن کە توانا و لێهاتوویی و بەهرەکانیان لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکدا بە قەتیسی دەهێڵنەوە و بە قازانجی خۆیان کەڵکیان لێ وەردەگرن. لە روانگەی ئەوانەوە، باشترین قوتابی و لێهاتووترین قوتابی و بەهرەمەندترین قوتابی ئەو قوتابییەیە کە شارەزایی لەسەر کتێبە ئایینییەکان هەبێت و لەناو قوتابخانەدا ئەندامێکی چالاکی بەسیج بێ و بتوانێ مۆرەگیری بکات و هاوکات سیخوڕی بەسەر هاوگەڕەکی و هاوپۆلەکانی خۆیدا بکات. هەر بۆیە، لێرەدا ئەرکی دایک و باوکانی کورد لە ئاست پەروەردەی منداڵەکانیان قورستر دەبێت و پێویستە زیاتر هەوڵ بدەن و زیاتر چاوەدێری منداڵەکانیان بکەن و بە پەروەردەیەکی کوردانە و سەردەمییانە، بەگژ پیلانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بچنەوە.