ده‌سپێکی ساڵی نوێی خوێندن له زانکۆکان له هه‌موو وڵاتاندا به رووداوێکی گرینگ و جێی بایه‌خ ده‌ژمێردرێ، هه‌ر بۆیه ساڵانه هاوکات له‌گه‌ڵ کرانه‌وه‌ی زانکۆکان ده‌رفه‌تێک دروست ده‌بێ که تیایدا پرسیاری جۆراوجۆر دهورووژێنرێ و هه‌وڵی وڵامدانه‌وه‌یان ده‌درێ و له میانی وڵامه‌کاندا رێکاری نوێ و بیرۆکه‌ی نوێ پێشنیار ده‌کرێ و له ئاکامدا گه‌شه‌سه‌ندنی سیسته‌می خوێندنی باڵای لێ ده‌که‌وێته‌وه.
زانکۆ وه‌ک گه‌وره‌ترین دامه‌زراوه‌ی زانستی که هێزی کاری پسپۆڕ بۆ بنیاتنانی ئابووری و سیاسی و فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌ر وڵاتێک دابین ده‌کا، وه‌ک پێوه‌رێکی گرینگ بۆ ئاستی گه‌شه‌سه‌ندوویی کۆمه‌ڵگا سه‌یر ده‌کرێ. به دیوێکی دیکه‌دا زانکۆ له قۆناغی مێژوویی جۆراوجۆر و له زۆر وڵاتاندا بزوێنه‌ری بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تی و فکری و بگره سیاسییه‌کانیش بووه که ئه‌وه پێگه‌یه‌کی تایبه‌تی به‌و دامه‌زراوه‌یه به‌خشیوه. به شێوه‌یه‌ک که له وڵاتانی گه‌شه‌سه‌ندوو و دێمۆکراتیکدا پیشه‌سازی و سیاسه‌ت و ئابووری له زانکۆکانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن. له کاتێکدا له کۆمه‌ڵگا نادێمۆکراتیکهکاندا به روویه‌کی تردا گرینگی به زانکۆ ده‌درێ که له ترس و نیگه‌رانی له نوێخوازی و گه‌شه‌ی هزریی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگادا خۆی ده‌بینێته‌وه که ده‌بێته به‌ربه‌ستێکی گه‌وره له‌به‌رده‌م به‌رده‌وام بوونی دیکتاتۆری و پاوانخوازی.
به کورتی ده‌توانین بڵێین داهاتووی هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک راسته‌وخۆ ره‌نگدانه‌وه‌ی چۆنیه‌تیی کارکردی زانکۆکانه له کۆمه‌ڵگاکه‌دا، به شێوه‌یه‌ک که هه‌رچی ستاندارده په‌سندکراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له زانکۆکان‌دا زیاتر به‌دی بکرێن و فۆنکسیۆنی راسته‌قینه‌ی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه به دوور له هه‌ژمۆنیی ئیدئۆلۆژیک و قاوغی سیاسی و تاک ئاراسته‌یی خۆی ده‌ربخا و هه‌روه‌ها له رووی به‌ڕێوه‌بردن و بڕیاردانه‌وه خاوه‌ن سه‌ربه‌خۆیی بێ، ئه‌وه ده‌توانین بڵێین له‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا ئابووری و فه‌رهه‌نگ و دێمۆکراسی و هه‌موو به‌ها پێشکه‌وتووه ئینسانییه‌کان به‌ره‌وپێش هه‌نگاو ده‌نێن و کۆمه‌ڵگا به‌ره‌وه گه‌شه‌سه‌ندوویی و پێشکه‌وتن ده‌ڕوا. به پێچه‌وانه‌وه هه‌وڵدان بۆ له قاڵب دانی زانکۆ به خوێندنه‌وه‌یه‌کی تایبه‌ت له سیاسه‌ت و ئایین و هتد، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی زانکۆ له جه‌وهه‌ری خۆی به‌تاڵ بکرێته‌وه‌و بکه‌ویته خزمه‌ت گرووپی ده‌سه‌ڵاتدار.
لێره‌دا مه‌به‌سته وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بده‌ینه‌وه که زانکۆکان له ئێران‌دا چه‌نده توانیویانه وه‌ک ناوه‌ندێکی به‌رهه‌مهێن و بنیاتنه‌ر کاریگه‌ری له سه‌ر پڕۆسه‌ی به‌ره‌وپێشچوونی کۆمه‌ڵگا و په‌روه‌رده کردنی هێزی کاری پسپۆڕ دابنێن، ئایا زانکۆ له ئێران‌دا توانیویه‌تی ببێته چه‌قی گۆڕانه فکری و فه‌لسه‌فی و سیاسی و ئابوورییه‌کان، ئایا زانکۆ له ده‌روه‌ی ئاراسته ئیدئۆلۆژی و سیاسییه‌کان و به دوور له ده‌ستێوه‌ردانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بووه‌ته ناوه‌ندێکی ئاکادیمی و زانستی؟
سیستمی سیاسی له ئێران‌دا وه‌ک هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی تۆتالیتێری دیکه ده‌ست ده‌خاته ناو هه‌موو ره‌هه‌نده‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵگا و زانکۆش به‌ده‌ر نییه له‌و رێسایه و بگره مامه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ زانکۆ مامه‌ڵه‌یه‌کی ته‌واو سیستماتیکه و به هه‌موو تواناوه کۆنتڕۆڵی زانکۆ و ناوه‌نده‌کانی خوێندنی باڵا ده‌کا. هه‌ر له سه‌رتای هاتنه سه‌ر کاری ئه‌و سیستمه سیاسییه له ئێران‌دا جۆرێک له ترس له زانکۆ به رێبه‌رانی تازه بهدهسهڵاتت گه‌یشتووه‌وه دیار بوو، داخستنی زانکۆکان بۆ ماوه‌ی نزیک 3 ساڵ و داڕشتنه‌وه‌ی سیستمی خوێندنی باڵا به‌و شێوه‌یه‌ی که پارێزه‌ری به‌ها ئیدئۆلۆژیک و چه‌قبه‌ستووه‌کان بێ، نموونه‌ی هه‌ره به‌رچاوی ئه‌و ترسه‌یه که کۆماری ئیسلامی له زانکۆ هه‌یبووه‌و هه‌یه‌تی. نفووزی سیاسی – ئه‌منیه‌تی ناوه‌نده‌کانی ده‌سه‌ڵات له نێو زانکۆکان‌دا وایکردووه زانکۆ له دامه‌زراوه‌یه‌کی زانست ته‌وه‌ره‌وه ببێته ناوه‌ندێک بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی تاقمێکی ده‌سه‌ڵاتدار هه‌م له رووی تیۆریک و هه‌م له رووی پراکتیکه‌وه.
ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانه ره‌هه‌ندی جۆراوجۆر له خۆ ده‌گرێ، هه‌ر له وه‌رگرتنی خوێندکار و دانانی مه‌رجی عه‌قیده‌تی بۆ وه‌رگرتنی خوێندکار له هیندێک له به‌شه‌کان و دامه‌زراندنی مامۆستاوه، تا ده‌گاته دیاری کردنی بابه‌ته ده‌رسییه‌کان و هه‌روه‌ها دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵێک دامه‌زراوه‌ی سیاسی – ئیدئۆلۆژیک له نێو زانکۆکان‌دا وه‌ک نوێنه‌رایه‌تیی وه‌لی فه‌قیه، به‌سیجی خوێندکاری، حه‌راسه‌ت، کۆمیته ئینزباتییه‌کان و … که به ته‌واوی خوێندکار ده‌خه‌نه ژێر چاوه‌دێری خۆیانه‌وه و کاریگه‌ریی ته‌واو له سه‌ر کارکردی زانکۆ و ئه‌نگیزه و خه‌للاقیه‌تی خوێندکار داده‌نێن.
ئه‌وساڵ له کاتێکدا ساڵی نوێی خوێندن له زانکۆکان‌دا ده‌ست پێده‌کا که دوابه‌دوای رێکه‌وتنی کۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ رۆژئاوا له سه‌ر پرسی ئه‌تۆمی، پێده‌چێ ده‌رفه‌تێکی له‌بارتر له پێشوو بۆ ناوه‌نده بڕیار به‌ده‌سته‌کانی ده‌ره‌وه‌ی زانکۆ بڕه‌خسێ بۆ به‌رته‌سک کردنه‌وه‌ی فه‌زای زانکۆکان و سنووردار کردنی هه‌رچی زیاتری هه‌ر چه‌شنه چالاکییه‌کی خوێندکاران که بکه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ویستی ناوه‌نده ئه‌منییه‌تییه‌کانی ناو زانکۆ.
له لایه‌کی تریشه‌وه ئه‌مساڵی خوێندن ده‌که‌وێته ناو هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری له ئێران‌دا که به پێچه‌وانه‌وه ده‌توانێ ده‌رفه‌تێک بێ بۆ کاراکردنه‌وه‌ی بزاڤی خوێندکاری و هێنانه‌ئارای ویست و داخوازیی خوێندکاران.
هه‌ر دوو له‌و فاکته‌رانه کاتێک ده‌توانن شوێن له سه‌ر رووداوه‌کان دابنێن که هێز و ویستی نوێخوازی و رادیکاڵی ناو زانکۆکان به سه‌ر خه‌سڵه‌تی ترس و وه‌همی ده‌سه‌ڵاتداران له زانکۆ زاڵ بێ، که ئه‌وه‌ش نایه‌ته‌دی مه‌گه‌ر به به‌شداریی کارای کۆمه‌ڵگه‌ی خوێندکاری له هه‌موو ئه‌و پرسانه‌ی پێوه‌ندی به چاره‌نووسی خۆی و کۆمه‌ڵگاکه‌یه‌وه هه‌یه.