موحسێن رەزایی فەرماندەی پێشووی سپای پاسداران و ئەندامی ئێستای کۆری بەرژەوەندییەکانی نیزام، ٢٨ ساڵ دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق دانی بەوە دانا کە رۆیشتنی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ناو خاکی عێراق هەڵە بووە.
ناوبراو لە شەوی شەممە ٣ ی ڕەزبەر لە وتووێژێکدا لە گەڵ ناوەندی هەواڵی کۆماری ئیسلامی، هاوکات لە گەڵ ئەوە کە دەیهەوێت”ببێتە قوتووی ڕەشی”شەڕی ئێران وعێراق و زۆرشتی نەگوتراو دەزانێ، رایگەیاند؛کە دوای شەری خوڕەمشار نەدەبوو بچینە نێو خاکی عێراقەوە. رەزایی لەم بارەوە گوتی رۆیشتن بەرەو نێو خاکی عێراق بە هۆی بێ ئەزموونی بوو.
قسەکانی رەزایی لە حالێکدایە کە خومەینی، دامەزرێنەری نیزام خوازیاری درێژکردنەوەی شەڕ هەتا رووخاندنی دەسەڵاتی سەدام بوو.
ئەم شەرە کە نزیک بە ٨ ساڵی خایاند سەرەڕای ئەوە کە پتر لە سەدان میلیارد دۆلار خەسارەتی بارهێنا، بە میلیون کەس لە هەردوولا کوژراو و بریندار لێکەتەوە. شەڕی ئێران وعێراق لە ساڵی ٦٧ هەتاویی کۆتایی پێهات و خومەینی بریاری راگرتنی شەڕی بە خواردنی ژاری شوبهاند.
شایانی باسە دانپێنان و قسەکانی موحسێن رەزایی لە کاتێکدایە کە ناوبراو دەیهەوێت وەکوو چەند ساڵی رابردوو، دیسانیش خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری لە ئێراندا کاندید بکا.