به پێی ڕاپۆڕتی رۆژنامه‌ی حوڕییه‌ت، سه‌لاحه‌د‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆكی حیزبی دێموكڕاتی گه‌لان”HDP” داوای له حكومه‌تی توركیا و”پ ك ك” كرد كه چه‌كه‌كانیان وه‌لا بنێنن و بۆ مه‌به‌ستی گفتوگۆ و چاره‌سه‌ری ئاشتیانه بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر مێزی دانوستان.
سه‌لاحه‌د‌دین دمیرتاش رایه‌گه‌یاند: گفتوگۆ ده‌توانێت كۆتایی به شه‌ڕه‌كانی ١٤ مانگی ڕابردوو بهێنێت. ده‌میرتاش له كۆبونه‌وه‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا له دیاربه‌كر و پێش ئه‌وه‌ی سه‌فه‌ری به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستان بكا‌ت وتی: “من پێداگری ده‌كه‌م له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه هه‌ر دو لایه‌نی “پ ك ك” و حكومه‌ت كه ده‌بێت چه‌كه‌كانیان بێده‌نگ بكه‌ن و بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌و كێشه مێژوییه، درێژه به وتووێژ بده‌ن.” هه‌روه‌ها وتی: ئه‌و شه‌ڕه چ سه‌د ساڵ بخایێنیت و چ ٥ خوله‌ك، هه‌ر ده‌بێ به وتووێژ كۆتایی بێت چونکه ئێمه باسی ئاگر به‌ست ده‌كه‌ین به‌و واتایه كه بۆمب دانان و چالاكیه‌كانتان دژ به یه‌ك ڕابگرن و ده‌رفه‌تێكیش بده‌ن به سیاسه‌توانه‌كان. ده‌میرتاش له باره‌ی ئامانجی سه‌فه‌ری خۆی و شانده‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان وتی: شانده‌كه‌مان ده‌یهه‌وێت له باره‌ی گفتوگۆ، یه‌كبوونی لایه‌نه سیاسییه كورده‌كان، چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له ڕێگای دێموكڕاتیك و ئاشتیانه، له گه‌ڵ به‌رپرسانه‌ی هه‌ریمی کوردستان وتووێژ بكا. جێگای ئاماژه‌یه كه دوای كوژرانی ٢ پۆلیسی تورك له مانگی پووشپه‌ڕی ساڵی ڕابردوو، سه‌ر له نوێ شه‌ڕ و ناکۆکی نێوان ” پ ك ك” و حكومه‌تی توركیا ده‌ستی پێكرده‌وه.