خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی کە هەمیشە هۆشداری دەداتە بەرپرسان و خەڵکی ئێران لەمەر هەڕەشەکانی دوژمنانی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی سێشەممە٣٠ خەرمانان لەلێدوانێک دا دیسان هۆشداری دایەو بەرپرسان و ڕایگەیاند؛ مەبەستی دوژمن تێکدانی ئابووری وڵاتە، هەتا بە وتەی ناوبراو نارەزایەتی لە ئیسلام ونیزامی کۆماری ئیسلامی لە ناو خەڵک دا پەرە پێبدات.
ئەو لێدوانەی رێبەری رێژیم لە حالێکدایە کە کارناس و پسپۆڕانی ئابووری، گەندەڵی بەرپرسان و ئابووری دەوڵەتی و مافیای بەربڵاوی سپای پاسداران و نیهادە ئابوورییەکانی سەربە رێبەری نیزام و هەروەها نەبوونی سەرمایەگوزاری لە تەرح و گەلاڵە بنەڕەتییەکان، بە هۆکاری قەیران و نالەباری ئابووری ئێران دادەنێن.
هەروەها بەهوی چالاکییە ناوکییە نایاسییەکانی رێژیم، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چەند ساڵێک گەمارۆی ئابووری بەسەر کۆماری ئیسلامیدا سەپاندبوو. ئەو گەمارۆیانە ئابووری توانیان کۆماری ئیسلامی ناچار بکەن ملکەچی کۆمەڵگای جیهانی بێ و واز لە بەشێک لە مزنخوازییە ناوکییەکانی بێنێ.
هەر لەپێوەندی لەگەڵ ئابووری شپرزەی ئێران، ماوەیەک لەمەوبەر خامنەیی بڵاو کردنەوەی ئاماری رێژەی هەژاری و بێکاری و گەندەڵی، لەلایەن ئۆرگانەکانی دەوڵەتییەوە بە گوناحی کەبیرە ناو برد.