بەرپرسی ئورژانسی کۆمەڵایەتیی ئێران گوتی هەوڵدان بۆ خۆکوشتن لە لە نێوان تەمەنەکانی ١٥ تا ٢٥ ساڵاندا زۆرترین رادەی مردنی لێی دەکەوێتەوە. حسێن ئەسەد بەیگی رایگەیاندوە، بە پێی ئاماری ناوەندی خۆکوشتن لە ئێران، لە ساڵی ٩٤ی هەتاویدا رێژەی ٤٠٢٠ کەس هەوڵی سەرکەوتوانەیان بۆ خۆکوشتن داوە. بە رای ئەو دەروونناسە رێژەی خۆکوژی لە نێوان پیاواندا لە ساڵی ٢٠١٢ ی زایینی زۆرتر بوە لە ژنان بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا و بە هۆی هۆکارە جۆراوجۆرەکان و روانگەی پیاوسالارانە لە کۆمەڵگادا، ئەوە رێژەی خۆکوشتنی سەرکەوتووانە لە نێوان ژناندا رووی لە زیادبوونە. لە روانگەی ئەم بەرپرسەی ئێرانەوە پارێزگاکانی رۆژئاوای ئێران واتا ئیلام، کرماشان، لوڕستان و کوردستان بە پێی رێژەی حەشیمەت، خاوەنی زیاترین ئاماری خۆکوشتنی سەرکەوتوانەن و ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی خوشبژێوی، بێکاری و نائومیدی لە نێو کۆمەڵگادا. لە لایەکی تریشەو و سەرەڕای ئەو گرفتانە، نەبوونی سەربەخۆیی ماڵی، گێرەو کشیەکانی دوابەدوایی تەڵاق لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەوڵدانی سەرکەوتوانەیە لە نێوان ژناندا بۆ خۆکوشتن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە چەند حەوتووی رابردودا و لە پارێزگای سنە زیاتر لە حەوت کەس بە هۆی خۆکوشتنەوە مردوون و لە شاری سەقزیش لە چەند مانگی رابردوودا ٩ کەس بە هۆی خۆکوژیەوە گیانیان لە دەس داوە. شایانی باسە کە تا ئێستا هیچ ناوەندێکی دەوڵەتی لە ئێراندا ئەرکی لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی هۆکارەکانی ئەم دیاردە ناخۆشە کۆمەڵایەتییە و چارەسەرکردنیی لە ئەستۆ نەگرتوە.