شاری زەڕینە بە شانزدە هەزار حەشیمەتەوە لە بوونی کتێبخانەی گشتیی بێ بەشە.
شاری زەڕینە هەڵکەتوو لە بەشی کەرەفتووی دیواندەرە کە حەشیمەتی شانزدە هەزار کەس بەراوەرد کراوە، سەرەڕای چەند جار داواکردن لە لایەن خەڵکی ئەو شارەوە هێشتا لە بوونی کتێبخانەی گشتیی بێبەشە.
چەند ساڵ پێش ئێستا و بە هەوڵ و تەقالای چالاکانی بواری کەلتووری، لە یەکێک لە مەکتەبخانە کۆنەکانی ئەو شارە کتێبخانەییەکی بچووک دامەزرا و چۆن لە لایەن دەوڵەتەوە پشتیوانی ماڵی نەکرا دواتر داخرا.
یەکێک لە شارومەندانی زەڕینە لە سەر نەبوونی ئێمکاناتی بەردەست دەڵێ: زەڕینە تەنها ناوی شاری لە سەرە و لە بوونی هەمە جۆرە ئێمکاناتی شار بێبەرییە.
لە کاتی ئێستادا زەڕینە خاوەن چەند ناوەند و جێگای بەتاڵە کە دەکرێ وەک کتێبخانە کەڵکی لێی وەربگیردرێ بەڵام ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لایەنێک قۆڵی لێی هەڵماڵێ. لە کاتی هاتنی حەسەن رۆحانی بۆ کوردستانیش نەبوونی کەرەستەو ئێمکاناتێک لەم چەشنە پێی راگەیندرا بەڵام تا ئێستا ئەم بۆشاییە وەک خۆیی ماوەتەوە.
بوونی تەنیا یەک کتێبخانە لە شاری دیواندەرە کە خاوەن هەشتاودووهەزار حەشیمەتە و سێ بەخشی کەرەفتوو، ساراڵ و ناوەندی لە سەرە، سەلمێنەری زیاتری ئەو راستییەیەکە ئاماری کتێبخانەی گشتیی تا چ رادەیەک لە قەیراندایە..