جێگری فەرماندەی گشتیی سپای کوردستان ڕایگەیاندوە کە لە رێورەسمی بە ناو “هەفتەی دیفاع موقەدەس ” کە لە رۆژی ٣١ ی خەرمانانەوە دەست پێدەکا و ماوەی حەتوویەک دەخایەنێ، تەبلیغات بە دژی حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە سەرووی هەموو کارەکان دایە.
بە پێی هەواڵی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان یادوارەی ئەمساڵ بە دروشمی، “ئێمە ئامادەین” لە هەموو شار و گوندەکانی کوردستان بەشێوەی بەربڵاو بەڕێوەدەچێ و ئامانج لەم رێوەرەسمەش هەرچی زیاتر بە ئەمنییەتی و نیزامیترکردنی کوردستانە.
بەشێکی دیکە لە بەرنامەکانی ئەم یادوارە نیزامییە سەردانی فەرماندەکانی سپای پاسداران لەو بنەماڵانەیە کە کەسوکاریان لە شەری هەشت ساڵەی ئێران وعیراق یان کوردستاندا کوژاراون یان بریندار و کەم ئەندام بوون. مەبەست لەوەش دڵنەوایی و ڕاکێشانی ئەو بنەماڵانە بۆلای نیزام و سپای پاسدارانە.
جێی وەبیر هێنانەوەیە کە لە حەوتووی ڕابردوودا سپای پاسدارانی کوردستان بەشێکی بەرچاو لە هیزەکانی خۆی لە ناوچە کە پێشتر چەکداربوون و خانەنشین کرابوون، سەرلەنوێ بانگی کردوونەتەوە. لە نوێژی جومعەشدا بە توندی هەڵیان کوتاوەتە سەر جمۆجۆڵی پێشمەرگەکانی کوردستان کە ئەمساڵ چالاکییەکانیان لە چاو ساڵانی پێشوو بەرچاوتر بووە.